هەرێم نیوز
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق دڵنیایی دەدات کە مووچەی مانگی یەک دابەش دەکرێت و ئاشکرای دەکات بافڵ تاڵەبانی پەیوەندیی پێوە کردووە بۆ پشتگیریکردنی کاندیدەکەیان، هاوکات دەڵێت شیعەکان چاویان لە وەزارەتی دەرەوەیە و دەیانەوێت دارایی بدەنە کورد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی 1ی 2026، بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق ڕایگەیاند، یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق کۆتایی هاتووە و لە چەند مانگی داهاتوودا بڕیاری نوێ لەبارەی مووچە و بودجەی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان دەدرێت.
سەبارەت بە گۆڕینی کاندیدی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە شاخەوان عەبدوڵڵاوە بۆ فەرهاد ئەترووشی، بەنگین ڕێکانی وتی "بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیوەندیی پێوە کردم و پێی ڕاگەیاندووم کە دەنگ بە فەرهاد ئەترووشی دەدەن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە دابەشکردنی پۆستەکان کرد و وتی ویستێکی بەهێز هەیە لایەنە شیعەکان وەزارەتی دەرەوە وەربگرن و لە بەرامبەردا وەزارەتی دارایی بدرێتە کورد، ئەوەش لە کاتێکدایە عێراق لە دۆخێکی سەختی ئابووریدایە.
دەربارەی پۆستی سەرۆکوەزیرانیش ڕوونی کردەوە کە ڕەنگە هیچ کام لە سوودانی و مالیکی و عەبادی ئەو پۆستە وەرنەگرنەوە، بۆ سەرۆککۆماریش جەختی کردەوە کە شەممە مەکتەبی سیاسیی پارتی بڕیاری لێ دەدات و سەرۆک بارزانی پێی وایە ئەو پۆستە مافی کوردە.
سەبارەت بە مووچەش، ڕێکانی دڵنیایی دایە فەرمانبەران کە مووچەی مانگی یەک دابەش دەکرێت، بەڵام بۆ مووچەکانی مانگی 11 و 12ی ساڵی ڕابردوو ئاماژەی بەوە دا کە کێشە لە حیساباتی ساڵەکانی 2023 بۆ 2025 هەیە.