دواین هەواڵ

کوردستان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

بەفربارینێکی چڕ بەڕێوەیە

هەرێم نیوز

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا و بەتایبەت لە نیوەی شەو بەدواوە، قۆناغی کۆتایی شەپۆلی بەفربارین بە چڕی ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک، باکووری هەولێر و ئیدارەی سۆران دەگرێتەوە. پێشبینیش دەکرێت لە سەنتەری شارەکانی زاخۆ، دهۆک و سۆران سەرەتا بەفر ببارێت و پاشان بەهۆی گۆڕانی پلەی گەرمی ببێتە بەفر و بارانی تێکەڵ.

بەپێی پێشبینییەکان، کاریگەری ئەم شەپۆلە سبەی پێنجشەممە (١/١/٢٠٢٦) تا کاتەکانی شەو بە چڕی بەردەوام دەبێت، بە شێوەیەک ئەگەری بارینی ٣٠ تا ٥٠ سم بەفر لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک و هەولێر هەیە، لە سەنتەری شاری هەولێریش بارانی مامناوەند و پچڕپچڕ دەبارێت.

هەر بەپێی زانیارییەکان، لە ئێوارەی سبەی پێنجشەممەوە کاریگەری شەپۆلەکە دەگاتە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، کە لە شاخەکان بەفر و لە سەنتەری شارەکان باران دەبارێت و ڕۆژی هەینی ڕێژەی بارینەکان زیاتر دەبێت.

 

لە بەرامبەردا سنووری گەرمیان و کەرکوک کاریگەرییەکی کەمتریان لەسەر دەبێت.

 

چاوەڕێش دەکرێت لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەوە (٣/١/٢٠٢٦) کاریگەری ئەم شەپۆلە بە تەواوی کۆتایی بێت و کەشوهەوا جێگیر ببێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP