هەرێم نیوز
فیفا و ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (ئیفاب) ئامادەکاری بۆ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە یاسای ئۆفساید دەکەن کە بە "یاسای ڤینگەر" ناسراوە و چاوەڕوان دەکرێت لە وەرزی داهاتووەوە جێبەجێ بکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی 1ی 2026، میدیا جیهانییەکان ئاشکرایان کرد، فیفا بە جددی کار لەسەر پێشنیازەکەی ئارسن ڤینگەر، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی تۆپی پێ دەکات بۆ گۆڕینی یاسای ئۆفساید، کە دەبێتە گۆڕانکارییەکی مێژوویی لە شێوازی یارییکردندا.
بەپێی یاسا نوێیەکە، ئۆفساید تەنیا کاتێک ئەژمار دەکرێت کە هێرشبەر "بە تەواوی جەستەیەوە" لە دواین بەرگریکاری تیپی بەرامبەر تێپەڕی بێت؛ واتە ئەگەر بەشێکی جەستەی (تەنانەت ئەگەر کەمیش بێت) لەگەڵ بەرگریکار لە یەک ئاستدا بێت، یارییەکە بەردەوام دەبێت و بە ئۆفساید هەژمار ناکرێت.
بڕیارە لە 20ی مانگی داهاتوودا لە کۆبوونەوەی ئیفاب لە لەندەن پێداچوونەوە بۆ پڕۆژەکە بکرێت و دواتر لە مانگی شوبات لە وێڵز دەنگی لەسەر بدرێت. بەگوێرەی ڕۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی، ئامانج ئەوەیە یاساکە لە وەرزی 2026-2027 لە سەرجەم خولەکاندا جێبەجێ بکرێت.
لای خۆیەوە جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا پشتڕاستی کردەوە کە لێکۆڵینەوە لە یاساکە دەکەن، کە پێشتر لە ساڵی 2023 لە خولەکانی لاوان لە ئیتاڵیا و سوید تاقی کراوەتەوە و ئامانج لێی کەمکردنەوەی هەڵەکان و خزمەتکردنی زیاتری هێرشبەرانە.