دواین هەواڵ

جیهان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

پزیشکیان پەیام بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران دەنێرێت

هەرێم نیوز
مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وەڵامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی وڵاتەکەی دایەوە و ڕایگەیاند، باشکردنی بژێوی هاووڵاتییان لە ئەولەوییەتی کارەکانیدایە.

پزیشکیان لە پەیامەکەیدا نوسیویەتی، بۆ چاکسازیی سیستەمی دارایی و پاراستنی توانای کڕینی پێداویستییەکان لەلایەن خەڵکەوە، هەنگاوی بنەڕەتی لە کارنامەکەیدا هەیە. هەروەها وتی: "دڵنیابن گوزەرانی خەڵک خەمی ڕۆژانەی منە".

ئاماژەی بەوە کرد، وەزیری ناوخۆی ڕاسپاردووە تاوەکو لەگەڵ نوێنەرانی خۆپێشاندەراندا گفتوگۆ بکات و گوێ لە داخوازییە ڕەواکانیان بگرێت. جەختیشی کردەوە کە حکومەت بە هەموو توانایەوە هەنگاوی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەنێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کە دوێنێ زۆربەی ناوچە جیاوازەکانی تاران، خۆپێشاندانی فراوانیان بەخۆوە بینی. ناڕەزایەتییەکان لە دژی بەرزبوونەوەی بەهای دراوە بیانییەکان بەرامبەر تمەن و گرانیی نرخی شتومەک بوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP