هەرێم نیوز
ئەمڕۆ ئەنجومەنی سیاسی سوننەكان جارێكی تر كۆدەبێتەوەو بڕیارە کۆتایی بەو پێنج دانیشتنە بێنێت کە لە ماڵی سەرکردەکانی ئەنجومەنەكە لەماوەی رابردوودا بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، محمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی تەقدوم، لەكۆبونەوەكەی رابردوودا، داواكارییەكی پێشكەش بە ئەنجومەنەكە كردووە بۆ ئەوەی تاكە كاندید بێت بۆ سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام داواكەی لەلایەن هەندێك لە لایەنەكانەوە رەتكراوەتەوە.
بڕیارە ئەم دانیشتنەی ئەمڕۆ یەكلاكەرەوەبێت لە دەستنیشانكردنی کاندیدێک بە کۆدەنگی، لەسەر بنەمای دوو پرەنسیپ: ژمارەی خاڵ و کورسی، دووەمیشیان کۆدەنگی لەناو ئەنجومەن.
سەرچاوەكان لە حزبی تەقدوم دەڵێن: لێکتێگەیشتن لە نێوان حەلبوسی و سەرمەد خەنجەر هەبووە بە تایبەتی پێش هەڵبژاردنەکان، هەروەها لێکتێگەیشتن لە نێوان حەلبوسی و ئەبو مازن و لە نێوان حەلبوسی و سابت عەباسیدا هەبووە، بۆ ئەوەی حەلبوسی کاندیدی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بێت.
پێدەچێت بەربەستی گەورەی بەردەم حەلبوسی جگە لە ڤیتۆكانی دەرەوەی هێزە سونییەكان، لەناو ئەنجومەنی سیاسی سوننەكانیشدا موسەننا سامەڕائی، سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم ئاستەنگی گەورەبێت لەبەردەم دیاریكردنی وەك تاكە كاندیدی سوننەكان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، بەتایبەت كە سامەڕائی ركابەرێكی سەرسەختی حەلبوسیەو كەسایەتیەكی پەسەندترە بەلای زۆرینەی هێزە شیعییەكان و لایەنە كوردییەكانیش بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
بەردەوامی ململانێكانی ناو ماڵی سوننە لەكاتێكدایە، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبونەوەکەی شەوی رابرودیاندا جارێكی تر شكستایانهێنا لە دیاریكردنی كاندیدەكەیان بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت و لە بەیاننامەكەشیاندا هیچ ئاماژەیەكيان بەو دەستپێشخەرییە نەكردووە كە دوێنی هاوپەیمانی ئاوەدانكردەوەو گەشەپێدان بە سەرۆكایەتی سودانی رایگەیاندو ئاماژەی بەوەكرد، لە كۆبونەوەكەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەخرێتەڕوو بۆ كۆتایهێنان بەو چەقبوستوییەی لە پرسی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیراندا هاتووەتە ئاراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕیان بۆ هێشتنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەکەنەوە، ئەویش بەگوێرەی پڕۆژەیەکی نیشتیمانی و ڕێکاری یاسایی ڕوون، ئەم هەنگاوەش بەجۆرێک دەبێت سەروەریی وڵات و ئاسایش و ئارامییەکەی بپارێزێت.