هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرجەم وەزارەتەکان دەکات، لەماوەی 20 ڕۆژدا خشتەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ئامادە بکەن بە مەبەستی جێگیرکردنی لە بودجەی 2026.
بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری، کە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لەسەرە و ئاڕاستەی گشت وەزارەتەکان و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت کراوە، داوا کراوە بە مەبەستی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی پلەبەرزکردنەوەی راژەی سەربازی و شارستانی لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2026، خشتەی پلەبەرزکردنەوە پڕ بکرێتەوە تاوەکو شایستە داراییەکان دیاری بکرێن.
لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئامانج لەو خشتەیە ڕەوانەکردنیەتی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و پێویستە لە ڕۆژی دەرچوونی نوسراوەکەوە، واتە ئەمڕۆ دووشەممە 22ی 12ی 2025، تاوەکو 20 ڕۆژ لیستی ناوەکان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی بکرێت و بەپێچەوانەوە لایەنی دواکەوتوو بەرپرسیار دەبێت.
وەزارەتی دارایی ڕوونی کردووەتەوە، تایبەت بە وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە، پێویستە هەمان خشتەی راژەی سەربازی و شارستانی بە خشتەی جیا بۆ وەزارەتی دارایی بنێرن.
بەپێی ئەم ڕێنماییەی وەزارەتی دارایی، چاوەڕوان دەکرێت پلەبەرزکردنەوە و سەرمووچەی فەرمانبەران دەست پێ بکاتەوە کە زیاتر لە 11 ساڵە ڕاگیراوە.