دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

سعودیە لە نێوان چین و ئەمریکادا

هەرێم نیوز

ماوەیەکە چین پلانێکی درێژخایەنى گرتووەتە بەر و دەیەوێت بە نەرمی خۆی بخزێنێتە نێو وڵاتانى کیشوەرى ئەفریقیا بەگشتی و لە لایەکی تریشەوە وڵاتانى کەنداوى بەلاوە زۆر گرنگە، لەنێویشیاندا عەرەبستانى سعودیی کە هاوپەیمانى سەرەکیى ئەمریکاى نەیاریەتى، بەڵام ماوەیەک پێش لە ئێستا جێنشینی ئەو وڵاتە سەردانێکی واشنتنی کرد و شرۆڤەکارانیش باس لەوە دەکەن پێدەچێت ئەو پردەى چین لەگەڵ سعودییەکان بەستویەتی دەدرێت بەدەم ئاوەوە، بەڵام ئاخۆ چین هەروا دەستبەرداریی ئەو وڵاتە ئابووری وسیاسی و خاوەن هەژموونە بەهێزە دەبێت؟

ئەوەى ئەمریکا لە سعودییەى دەوێت

بەگوێرەى سەرچاوە میدیاییەکان ئەمریکا کۆمەڵە داواکارییەکی گرنگی دریژخایەن لە سعودییە چاوەڕێدەکات ئەوانیش بریتین لە: پاراستنی بازاڕی نەوت و پێدانى بەشى خۆیان، کڕینى چەک و چۆڵی جەنگی لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان، راگرتنى هێزى وڵاتانى عەرەبی بەجۆرێک لەبەرژەوەندی ئەمریکا بێت، هێزێکی ئاینیی بەهێزبێت لەبەرامبەر ئێرانی شیعەدا کە هەژموونى لە ناوچەکەدا زیاتر نەبێت، ببێتە یەکێک لەو وڵاتانەى کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە و چوونەتە نێو رێککەوتنى ئیبراهیمی، دژایەتى کردنى هەموو ئەو گروپە ئیسلامییانەى کە لە وڵاتانى عەرەبیدا سەرهەڵدەدەن و لە بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا دەدەن.

بەڵام وڵاتى چین هیچ یەکێک لەو خواستانەى لە عەرەبستانى سعودییە نەکردووە و تەنها خوازیاری کردنەوەى دەرگاى بازرگانیی بووە بەڕووی کۆمپانیا چینییەکاندا.

شرۆڤەکاران ئەم هەنگاوەى چین بە مەترسی گەورە دادەنێن بۆیە محمەد سەلمان جێنشینى ئەو وڵاتە بە فەرمی بانگهێشتى کۆشکی سپی کردووە و قسەو باسی خۆیان لەو بارەیەوە پێڕاگەیاندووە، ئەمریکییەکان پێیان گوتووە ئێمە هەموو تەکنۆلۆژیایەکتان بۆ دابیندەکەین و سیستمی بەرگریشتان بەهێزدەکەین.

سعودییە چی دەکات؟

محەمەد سەلمان پلانی هەیە تا ساڵی 2030 وڵاتەکەى بکاتە وڵاتێکی تەکنۆلۆژیی تەواو، ملیاران دۆلاری بۆ ئەو بابەتە تەرخانکردووە، بۆ ئەو مەبەستە ژێرخانێکی بەهێزى بۆ دروستکردووە لەوانەش دروستکردنى چەندین ناوەندی داتا و کۆکردنەوەى زانیاریی کە لە داهاتوودا بۆ ژیری دەستکرد و تەکنۆلۆژیاى زانیاریی سودی زۆریان پێدەگەیەنێت، دامەزراندنی کۆمپانیاى "هیوماین" کە لە ئێستادا 6%ـى زیرەکی دەستکرد پشت بە زانیارییەکانى ئەو دەبەستێت، کڕینەوەى پشکێکیى گەورە لە کۆمپمانیاى گۆگڵ و ئەنجامدانى چەندین گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکانى تایبەت بە تەکنۆلۆژیا.

چین چی کردووە لەو وڵاتەدا؟

سەرەڕای ئەوەى سعودییە هاوپەیمانێکی سەرسەختى ئەمریکایە بەڵام گەورەترین کۆمپانیاى وەبەرهێنانی نەوتی سعودییە (ئارامکۆ) بە تەکنۆلۆژیاى زیرەکی دەستکردی چینى بەڕێوەدەبرێت بەناوى کۆمپانیاى (DeepSeek) سەرجەم داتا و زانیارییەکانى نەوتى سعودییەى لەژێردەستدایە، ئەوە جگە لە تۆڕی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە کە لەلایەن کۆمپانیا چینییەکانەوە بەڕێوە دەچێت وەک کۆمپانیاى هواویی، و عەلى بابا و کۆمپانیاکانى  "Shanghai Lummington " و" China Mobile International" ئەکادیمیاى فێرکردنیان لەو وڵاتە کردووەتەوە و بەردەوام کادری سعودیی دروستدەکەن.

هەر ئەو دوو کۆمپانیا چینییە لە ریاز و جەدە گەورەترین ناوەندی ئەکادیمیان بۆ فیربوونی تەکنۆلۆژیا کردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەیان قوتابی چینى لە سعودییە وانەى سەربازیی وەردەگرن لە زانکۆی مەلیک عەبدوڵاى زانست و تەکنۆلۆژیا.

ئەمریکا لەچى دەترسێت؟

ئەم پەیوەندییە گرنگەى نێوان چین و سعودییە بووەتە مۆتەکەیەکی گەورە بەسەر ئەمریکییەکانەوە بەتایبەتى ئیدارەکەى ترەمپ و پێشتریش بایدن زۆر هەوڵی خاوکردنەوەى دا بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، پێشبڕکێى تەکنۆلۆژیی و پیشەسازیی نێوان ئەمریکا و چین لەسەرانسەری جیهاندا بووەتە بابەتێکی گرنگ و بەتایبەتى لە سعودییە زۆر چڕبووەتەوە، بەتایبەتى لە بوارى حکومەتى تەکنۆلۆژیدا و چینییەکان لەو بوارەدا زۆر چوونەتە پێشەوە و بووەتە هۆی نیگەرانی ئەمریکییەکان.

پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و سعودییە

سعودییە لای ئەمریکییەکان هاوبەشێکی گرنگ وستراتیژیی سەر ڕاستە لەناوچەکەدا، بەڵام سعودییە هەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت سیستمێکی بەرگریی بەهێز بۆوڵاتەکەى دابین بکات و جۆرە سەربەخۆییەکی خۆی هەبێت، یەکێک لە پلانەکانی 2030 ئەوەیە تا ئەو کاتە بتوانن 50% ـى پێداویستییە سەربازییەکان لەناوخۆی وڵات بەرهەم بهێنن و ساڵی 2050 ش هیچ پێویستییەکیان بەدەرەوە نەمێنێت، جا هەر وڵاتێک هاوکارییان بکات لەو بوارەدا بەدەمیەوە دەچن، لەو میانەیەشدا ژاپۆنی و بەریتانییەکانیش رۆڵێکى باشیان پێدراوە.


بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ چین پەیوەندیی تایبەتیان دروستکردووە، بەگوێرەى راپۆرتەکان فرۆکەى بێفرۆکەوان، موشەکی بالیستى دوورمەودا، سیستمی بەرگریی بەهێزی بۆ دابینکردوون، هەر لە ساڵی 2022 دا بە بەهاى ملیاران دۆلار سعودییە کەلوپەلى سەربازیی لە کۆمپانیا چینییەکان کڕیوە، لەماوەکانى پێشوودا بەبەهاى چوار ملیار دۆلار گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان واژۆکردووە، لەساڵی 2024 یش دا چینیەکان 30 کۆمپانیاى چینی بواری بەرگریی لە عەرەبستانى سعودییە نمایشکردووە، هەروەک لەو پێشنگایەدا لە ئاسمانى سعودییەدا فرۆکەى جۆری 10 جی چینى لە فڕۆکەیەکی 20 واى بەنزینى وەرگرت کە ئەوە بۆ یەمەمجاربووە لە ئاسمانى سعودییەدا ئەنجام بدرێت.

چین و ناکۆکییەکانى نێوان سعودییە و ئەمریکا

لە ساڵی 2023ـەوە ناکۆکییەکانى نێوان چین و ئەمریکییەکان زۆر زیادیکرد لەبەر ئەوەى چین و روسیا هاوکارییەکی زۆری سعودییەیان کردووە لە بوارى بەرگرییدا، هەربۆیە بەئەندازەى بەهێزبوونى پەیوەندییەکانى چین و سعودییە زیاتر بکات پەیوەندییەکانى نێوان سعودییە و ئەمریکا بەرەو ساردبوونەوە دەڕوات، ئەمریکاش ترسی ئەوەى هەیە چەک و چۆڵی چینی جێگە بە ئەمریکیەکان چۆڵ بکات، سەرەڕای ئەوەى مێژووى پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و سعودییە دێرینە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP