دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

رەفەح و گرفتەکانى بەردەم هاوکارییە مرۆییەکان

هەرێم نیوز

لە پلانێکی نوێی دەوڵەتى ئیسرائیلدا هاتووە شوێنى پەڕینەوەى رەفەح کە دەکەوێتە نێوان (فەلەستین و میسر) یەکلایەنە بکاتەوە بۆ ئەوەى خەڵکی غەزە لێیەوە بچنە میسر و لەو سەرەوە کەس بۆی نەبێت بگەڕێتەوە، ئەمەش وایکردووە لە میسر و قەتەر و چەند وڵاتێکی دیکە نیگەرانى خۆیان دەرببڕن و لەبەرامبەر ئەو سیاسەتەدا هەڵوێست وەربگرن و لۆبییەکى عەرەبی و ئیسلامی و تەناتەت جیهانیشی بۆبکەن، بەڵام هێشتا ئیسرائیل سوورە لەسەر پەیڕەوکردنى ئەو سیاسەتەى و ئامانجیشى چۆڵکردنى غەزەیە لەو ژمارەیەى تا ئێستا بەرگەى نەهامەتییەکانی جەنگیان گرتووە. یەکەى هەماهەنگی لە حکومەتى ئیسرائیل (کوغات) رۆژى چوار شەممەى رابردوو رایگەیاند لە چەند رۆژى داهاتوودا رەفەح یەک لایەنە دەکرێتەوە بۆ ئەو هاووڵاتییانەى غەزە کە دەیانەوێت بەرەو میسر بڕۆن و رێگەش بەکەس نادرێت لە میسرەوە بێتە نێو ئیسرائیل، هەر زووش میسر رایگەیاند ئەوان رێگە بەو جۆرە سیاسەتە نادەن و هەر بابەتێک بێتە پێشەوە لەسەر سنوورەکەیان دەبێت رێککەوتنی پێشوەختەى لەبارەوە بکرێت.

پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە شوێنی پەڕینەوەى رەفەح ئەوەندە گرنگە تا ئەو کێشەیەى لێبکەوێتەوە و ژمارەیەک لە وڵاتان دەستێوەردان بکەن و میسریش هاواری لێهەڵبسێت و ئیسرائیلیش پێداگریی بکات لەسەر پەیڕەوکردنى ئەو بڕیارەى، بۆ وەڵامدانەوە پێویستمان بەم زانیارییانە دەبێت لەبارەى ئەو شوێنەوە.

یەکەم: رەفەح شوێنێکى گرنگی پەڕینەوەیە: رەفەح شوێنێکی سنوورى گرنگە لەنێوان هەردوو وڵاتدا بەمەبەستى هاوکاریی مرۆیی بەکارهێنراوە لە لایەن میسرەوە لەو کاتەدا کە ئیسرائیل ئابڵۆقەى خستبووە سەر غەزە، وڵاتانى دونیاش هاوکارییەکانیان لەو رێگەیەوە رەوانەى غەزە کردووە، سەردەمانێکی زۆریشە لە (2005) ەوە هەر فەلەستینییەک چووبێتە میسر لەو رێگەیەوە پەڕیوەتەوە، دواى ئەوەى لە هەڵبژاردنەکانی 2006 دا زۆرینەى دەنگەکان لە لایەن بزووتنەوەى حەماسەوە بەدەستهات بەڕێوەبردنى شوێنەکە کەوتووەتە دەست حەماس و ئەوەش بووەتە کێشەیەک لەنێوان حەماس و بزووتنەوەی فەتح.

دووەم: دەسەڵاتى ئیسرائیل لە رۆژى 7ـی ئایارى ساڵی 2024 ـەوە سوپاى ئیسرائیل بەپاساوی رێگریی کردن لە (تیرۆر !)ـى حەماس و ئیسلامییەکانی تر دەستى گرتووە بەسەر ئەو شوێنەدا، چوون باوەڕیان وابوو بەشێکی زۆر لە هاوکارییە سەربازییەکانى حەماس لەو رێگەیەوە دابیندەکرێت، هەر بۆیە لەو کاتەوە بەتەواوەتى کۆنترۆڵی کردووە و ئەوەى خۆی مەبەستى نەبووبێت رێگەی نەداوە هاتووچۆ بکات بە هاوکارییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیشەوە، جێگەى وەبیرهێنانەوەیە لە دواى ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و حەماس لە 19ـى کانوونى یەکەمی ئەمساڵەوە کەمێک ئاسانکاریی بۆ هاتووچۆی خەڵک و ئۆتۆمبێل و هەندێک پێداویستى.

سێیەم: تاکەى بە داخراوى دەمێنێتەوە؟ لە رۆژى 10ـى تشرینى یەکەمی ئەمساڵەوە رێککەوتنێکی نوێ بە ناوبژیوانى ئەمریکا و میسر و قەتەر لەنێوان حەماس و ئیسرائیل هاتووەتە پێشەوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەى راوبۆچوونى جیاواز لەنێو حکومەتەکەى نەتانیاهۆ سەبارەت بە رەفەح بێتە پێشەوە، جەدعون ساعر وەزیری دەرەوە پێی وایە رێککەوتنەکە رەفەحیش دەگرێتەوە، بەڵام نوسینگەکەی نەتانیاهۆ پێداگرن لەسەر ئەوەى دەبێت بەداخراوى تا کاتێکی نادیار بمێنێتەوە، لەسەرەتاى ئەم مانگەشەوە بڵاویانکردووەتەوە سنوورەکە دەکرێتەوە بەڵام یەکسەرە و بۆ چوونە دەرەوەی هاووڵاتیانی غەزە و رێگریی دەکرێت لە هاتن. لەبەرامبەردا میسر لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵاوە رۆژنامەى شەرقلئەوسەت بڵاویکردووەتەوە ئەگەر رێککەوتنى تەواوەتی بکرێت لەبارەى رەفەحەوە ئەوا دەبێت دوو لایەنە هاتووچۆی پێدابکرێت و هەموو هاوکارییە مرۆییەکانى لێوە بگەیەنرێتە غەزە، ئەوەش پلانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاشە، لە لایەکی تریشەوە کۆغات بڵاویکردووەتەوە کە دەبێت ئەو سنوورە لە ژێرچاودێریی نوێنەرانى یەکێتى ئەوروپادا بێت، بەڵام دواى ئەوەى حەماس رازیی ببێت بە گەڕاندنەوەى سەرجەم بارمتەگیراوەکان.

چوارەم: مەرزی کەرەم ئەبوسالم وەک جێگرەوە: هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەرتى غەزە بەردەوام گەشتوونەتە میسر و لە رێگەى بەندەرەکانى پۆرسەعید و عەریش کە هەردووکیان دەکەونە سەر دەریاى ناوەڕاست داگیراون دواتر بەرەو رەفەح ئاراستەکراون، بەگوێرەى گوتەى شۆفێرانى بارهەڵگر دواى ئەوەى رێگەیان نەدراوە لە رەفەحەوە بچنە غەزە بەناچاریی روویانکردووە لە کەرەم ئەبوسالم کە چەند کیلۆمەترێک لە رەفەحەوە دوورە، دواى بەڕێوەچوونى پلانێکى ئەمنی و پشکنینى ورد لە لایەن هێزە ئیسرائیلییەکانەوە زۆر بەناڕەحەت رێگەیان داون هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەنن.

پێنجەم: ناچاریی رێگەى تری پێکردوونەتەوە: بەگوێرەى ئاگربەستى نێوان هەردوولا کە بەسەرپەرشتى ترەمپ ئەنجامدراوە رۆژانە دەبێت 600 ئۆتۆمبێلى بارهەڵگر بچێتە غەزەوە، بەڵام وەک سەرچاوەکان باسیدەکەن رێژەیەکی زۆر کەمتر رێگەیان پێدەدرێت لە رەفەحەوە بپەڕنەوە، بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بیری ئەوەدا بووە رێگەى دیکە بکاتەوە ،لەوانەش کەرەم ئەبوسالم و کیسۆفم، هەرچى مەرزی بەیت حانوونیشە لە دواى یەکەم هێرشى حەماسەوە بە 7ـى ئۆکتۆبەرى 2023 ـەوە داخراوە، هەرچەندە ماوەیەکی کەم لە 2025 کرایەوە، بەڵام دواجار داخرا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP