هەرێم نیوز
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر گازی کۆرمۆر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی دوای پەسەندکردن لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە ڕاگەیاند و دەڵێت " هێرشەکە بە دوو درۆن کراوە، یەکێکیان کێڵگەکەی پێکا و ئەوی دیکەیان لە دەرەوەی کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە".
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر ڕایگەیاند، "گەیشتوینەتە ناوی ئەو کەسانەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە، کە کۆمەڵێک کەسی لەیاسا دەرچوون و بەشێکیان فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە و دەزگا ئەمنییەکان بەدوایانەوەن، دوای دیاریکردنی ناسنامەکانیان، دەستکراوە بە کۆکردنەوەی بەڵگەی هونەری بۆ ئەوەی ڕادەستی دادگا بکرێن".
لە ڕاگەیاندراوەکدا هاتوە کە "پاشماوەی هەردوو درۆنەکە ڕەوانەی بەڵگەکانی تاوان کراون بەمەبەستی دەرهێنانی زانیارییەکانی نێو میمۆرییەکانیان."
لیژنەکە چەند ڕاسپاردەیەکی دەرکردوە بۆ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە ئەمانەن:
١- بڵاوەپێکردنەوەی هێزەکان لە کەرتی ڕۆژهەڵاتی سەڵاحەدین و گۆڕینی فەرماندە ئەمنییەکانی ئەو سنوورە بە فەرماندەی کارامەتر یەکێتی فەرماندەیی مسۆگەر بکرێت.
٢- وەزارەتی بەرگری بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی کوردستان سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ کێڵگەی کۆرمۆر دابین بکات و پاراستنی مسۆگەر بکات.
٣- سەپاندنی ڕێوشوێنی تووند بۆ بەکارهێنان و گواستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە هەموو جۆرەکانیەوە، مەگەر بە ڕەزامەندیی فەرمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان نەبێت.
٤- ئاراستەکردنی داواکاری بۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەری بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لەگەڵ ئاژانسە ئەمنی و هەواڵگرییەکان، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەدا.
٥- ئاگادارکردنەوەی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و دەستەی حەشدی شەعبی بۆ گۆڕینی فەرماندەکانی ئەو ناوچانە بە فەرماندەی بەتوانا.
دەقی تەوای ڕاگەیاندنی لیژنەی لێکۆڵینەوەکە:
ڕاگەیەندراو
ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵێنەوە لە روداوەکەی کۆرمۆر
ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرۆکایەتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان محەمەد شیاع سودانی ئەنجامەکانی خۆی خستەڕوو و بەرێزیان ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەی پەسەند کرد کە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
یەکەم:-
1- هێرشە ترسنۆکانەکە بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دراوە و دانەیەکیان بەر کێڵگەکە کەوتووە، ئەوی دیکەش لە دەرەوەی کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە و پاشماوەی هەردوو فڕۆکەکە لەلایەن بەڵگەی تاوانەوە کۆکرایەوە بۆ شیکردنەوەی ئامێری میمۆری.
2. ئەو دوو فڕۆکەیەی کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە لە دیوی باشووری کێڵگەکە بە تایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی قەزای دوز خورماتووەوە هەڵدراون.
3- ئەمە یازدەهەمین هێرشە ئەنجام بدرێت بۆ سەر ئەو کێڵگەیەی کە ئاماژەمان پێدا.
4- ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە دەستنیشانکراون، ئەوان کەسانی لە یاسا دەرچوون و هەندێکیان فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و لە ئێستادا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت.
5. دوای ناسینەوەی ناسنامەی تاوانباران، دەزگا ئەمنییەکان دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی بەڵگەی تەکنیکی بەمەبەستی ڕادەست کردنی تاوانباران بە دادگا.
دووەم:-
لیژنەکە چەند ڕێکارێکی بۆ پاراستنی کێڵگەکە پێشنیار کرد، بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێی بکات، بەم شێوەیەی خوارەوە:
1- بڵاوکردنەوەی هێزی ئەمنی لە کەرتی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی سەڵاحەدین بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشایییەکی ئەمنی و پاراستنی هەماهەنگی نێوان دەزگا ئەمنی و هەواڵگری و یەکەکان و دەستەبەرکردنی فەرماندەیی یەکگرتوو.
2. ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و هێزەکانی حەشدی شەعبی، بۆ گۆڕینی فەرماندەکانی ئەو ناوچانە بە فەرماندی لێهاتوو.
3. پەرەپێدان و بەهێزکردنی کەناڵەکانی پەیوەندی هەواڵگری لە نێوان دەزگا هەواڵگرییە فیدراڵیەکان و هاوتاکانیان لە هەرێم.
4- وەزارەتی بەرگری بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ کێڵگەکە دابین بکات و پاراستنی دەستەبەر بکات.
5. سەپاندنی ڕێکاری توند بۆ بەکارهێنان و گواستنەوەی هەموو جۆرە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و تەنها بە ڕەزامەندی فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەکان بێت.
6- ئاگەدارکردنەوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لەگەڵ دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان بۆ بەدواداچوون بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە.
کارەکانی ئەم لیژنەیە بەردەوامە تا دەستنیشان کردنی هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لەم ڕووداوەدا هەبووە، کە سەروەری عێراق و سەرچاوە ئابوورییەکانی دەکاتە ئامانج، ئەمەش کردەوەیەکی تیرۆریستی ترسناکە و ئامانج لێی دروستکردنی بەربەست و دواخستنی هەوڵەکانی چەسپاندنی سەقامگیری ئەمنی و ئابوورییە و ئەم کردەوە تیرۆریستییە بێ سزادانی بکەرانی تێپەڕنابێت و ڕێوشوێنی یاسایی یەکلاکەرەوەی توندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
٢٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنوری پارێزگای سلێمانی، ئەم ڕوداوە لە ئاستی ناوخۆی و دەرەوەدا کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا.
لە ئەنجامدا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ٨٠٪ هەرێمی کوردستان بێ کارەبا بوو .