هەرێم نیوز
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا بەشداریی کرد و وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، "پشتگیریی هەنگاوەکانی ترەمپ دەکەین لەپێناو ئاشتی لە ناوچەکەدا" .
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا رایگەیاند، کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا جەختکردنەوەیە لەسەر بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان هەولێر و واشنتن و نیشانەی "پەیوەندییەکی مێژووییە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، پێشمەرگە شانبەشانی ئەمریکا شەڕی دژی داعشیان کرد و ئەمریکا هەمیشە لەپاڵ گەلی کورد وەستاوە.
نێچیرڤان بارزانی وتیشی، "بەتەواوی پشتگیری لە هەوڵ و هەنگاوەکانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکەین لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا، هەروەها دەستخۆشیی لێدەکەین بۆ دیاریکردنی بەڕێز مارک ساڤایا وەکو نێردەیەکی تایبەتی بۆ عێراق، ئەمە پێشهاتێکی گرنگە."