دواین هەواڵ

ئابوری‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

د. ئامانج رەحیم: تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی لە ئێستادا تەنها 280 ملیار دینارە

هەرێم نیوز

 سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی لە ئێستادا تەنها 280 ملیار دینارە دەشڵێت "رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت داهاتەكەی 545 ملیار دینارە"

د. ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە دوای کەوتنەبواری جێبەجێکردنی ڕێکەوتنامەی سێقۆڵی هەناردەی نەوتی هەرێم، لە ئێستادا هەرێم بە داهاتی نەوت و نانەوتی خۆی مانگانە بڕی 665 ملیار دینار بە کاش دەخاتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ، بەم شێوەیەش هەرێم بە داهاتی خۆی بە ڕێژەی 71% ی تێچووی مووچەی مانگانە دابین دەکات بەم شێوەیەی خوارەوە:

١- بە گوێرەی دوا لێدوانی ئەمڕۆی بەڕێوەبەری گشتی نەوتی باکور بڕی 200 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ دەفرۆشرێت کە داهاتی کاشی مانگانەی فرۆشتنی ئەم بڕە نەوتە (بە نرخی ئەمڕۆی نەوتی برێنت 64.79$) دەکاتە (545 ملیار) دینار مانگانە، کە داهاتەکەی هەمووی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵە.
٢- بڕی 120 ملیار دیناری دیکەی مانگانە وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بە کاش دەخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراق.
خەرجی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ 945 ملیار دینارە.

بە لێ دەرکردنی داهاتی نەوت و نانەوتی هەرێم کە بە کاش مانگانە دەچێتە سەر حسابی دارایی فیدڕاڵ لە کۆی گشتی تێچووی مووچەی هەرێم، لە ئەنجامدا تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی لە ئێستادا تەنها (280 ملیار) دیناری پێویستە کە بە ڕێژە دەکاتە 30%ی مووچەی مانگانە.

تێبینی:
هەرچەندە لە سیستمی ژمێریاریی حکومی خەرجی بە جیا لە داهات ئەژمار دەکرێت، بەڵام ئەگەر تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش حساب بکەین کە 16$ ە بۆ یەک بەرمیل، ئەو کات کولفەی مووچەی مانگانەی هەرێم بە بە کولفەی نەوتیشەوە تەنها نزیکەی 400 ملیار لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی دەکەوێت کە دەکاتە ڕێژەی 40% ی مووچەی مانگانە، و ئەو کاتیش هەرێم خۆی ڕێژەی 60% ی مووچەی خۆی لە داهاتی کاشی خۆی دابین کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP