هەرێم نیوز
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "مووچەی مانگی 9 بەزووترین کات دێت"، دەشڵێت، "جەنابی سەرۆکوەزیران کاک مەسرور لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی زۆر زۆر پێداگریی کرد کە دەبێت هەر چوار مووچەکەی ئەم ساڵ خەرج بکرێت."
رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت، مانگانە رادەستکردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی بە بەغدا لەکاتی خۆی، پرسی میزان موراجەعە و لیستی مووچە، هەمووی بە رێکوپێکی کراوە و هیچ کێشەیەک نەماوە لەلایەن هەرێمی کوردستان و هیچ پابەندییەک نەماوە جێبەجێی بکات، بۆیە دەبێت ئەوانیش ئەو چوار مووچەیە خەرج بکەن."
رێباز حەملان باسی لەوەش کرد، "نەناردنی مووچەی مانگی 9 بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە نەناردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتییەوە نییە." گوتیشی، دەبێت ئەمڕۆ و سبەی عێراق بڕیار لە ناردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بدات، "بەڵام لەوانەیە ئالیەتی ناردنەکەی بکەوێتە هەفتەی داهاتوو."