هەرێم نیوز
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بەشێوەیەکی ئاسایی و بێ گرفت بەردەوامە و ڕێژەی بەشداریکردنی هێزە ئەمنییەکانیش لە هەولێر تاوەکو کاتژمێر ١١ گەیشتووەتە %٥٠.
نەبەرد عومەر، بەرپرسی ئۆفیسی هەرێمی کوردستانی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: تاکاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لە ئاستێکی زۆر باشدا بووە و هیچ کێشەیەک رووی نەداوە و هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی زۆر باش بەشداری لە پرۆسەکەدا دەکەن.
لە سنووری پارێزگای هەولێر ١١١ هەزار دەنگدەری تایبەت هەیە، ئێستا لەو ڕێژەیە ٥٠% هێزە ئەمنییەکان بەشدارییان لە دەنگدان کردووە، ٩٥٨ وێستگەی دەنگدانی تایبەت هەیە، لەسەرەتای دەستپێکردنی پڕۆسەی دەنگدان تەنیا چوار وێستگەی گرفتی هونەری هەبوو، بەڵام کێشەکان چارەسەر کراون.
بەپێی وتەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تا کاتژمێر ١١ هیچ کێشەیەک لە دەنگدانی تایبەتدا رووی نەداوە و هەموو کارەکان بە باشی بەرێوە دەچن و پرۆسەکە بەردەوامە.