هەرێم نیوز
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی ڕایدەگەیەنێت، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی چەند رۆژ یان تەنانەت چەند کاتژمێری داهاتودا سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێت.
جەنگیز چاندار پەرلەمانتارى دەم پارتى لە گفتوگۆیەکدا لەسەر تۆڕى یوتیوب رایگەیاند، شەوى رابردوو لە ئەنقەرە بووم. بە تێڕوانینى من ئەم پڕۆسەیە لە ماوەی چەند رۆژێکدا ڕوودەدات. پێویستە چاوەڕوانی ئازادکردنی دەمیرتاش بین لە ڕۆژانی داهاتوو، یان لە ماوەی چەند کاتژمێرى داهاتوودا. باشترە گەشبین بین لەم بارەیەوە."
ئاماژەی بەوەشدا، لەسەر جێبەجێکردنى دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا لەبارەى دۆسیەى دەمیرتاشەوە و وتى پێویستە ئازادکردنى مسۆگەر بکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممەی رابردوو دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەبارەی ئەگەری ئازادکردنی دەمیرتاشەوە وتی "خێری تێدا دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا باسی لەوەکرد،" ئەم وڵاتە وڵاتی دادوەرییە، دادگا هەر بڕیارێک بدات، ئێمە پابەندی دەبین."
هەر لەوبارەیەوە، دوێنێ پێنجشەممە، عەبدولقادر سەلڤی رۆژنامەنوسی دیاری تورکیا لە رۆژنامەیەکی تورکیا بڵاویکردوەتەوە، رۆژانی کەم ماون بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەرۆککۆمار ئەردۆغان لەو گفتوگۆیانەی پێش کۆبونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان کراون، بە گەرمی باسی پرسی دەمیرتاشی کردوە.
هەروەها ئوزگور ئۆزەل سەرۆکى جەهەپە داواى لێبوردنى کرد بۆ پشتیوانیکردنى بەشێک لە پەرلەمانتارانى جەهەپە لەساڵى 2016 لە داواى هەڵگرتنى پارێزبەندى پەرلەمانتارانى هەدەپە کە دواتر دەستگیرکردنى دەمیرتاشى بەدوادا هات.
دەمیرتاش لەپەیامێکدا لە زیندانەوە سوپاسى باخچەلى کرد و وتى باخچەلى بوێرانە قەدەغەکراوەکانی نەهێشت. هەروەها دەمیرتاش داواى لێبوردنى سەرۆکى جەهەپەى بە نموونەی ئازایەتی ناوبرد.
دەمیرتاش دەڵێت چەکەکان بۆ هەمیشە نامێنن، چونکە عەبدوڵا ئۆجەلان پێداگرە و ئەردۆغانیش پشتیوانى پڕۆسەکەیە.
دەمیرتاش لە 4 ی کانوونی دووەمی 2016 ەوە لە زینداندایە، لە 16ی ئایاری 2024 لە چوارچێوەی دۆسیەى كۆبانێدا، سزای 42 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.