دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەحمەد تورک: پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا بەرەو پێش دەچێت چونکە ئەردۆغان پشتگیریی دەکات

هەرێم نیوز

سیاسەتمەداری باكوری كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (سەباح)ی توركی، كە لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاوكراوەتەوە رایدەگەیەنیت نابێت پرۆسەی ئاشتی  تەنها وەک رادەستبونی پەکەکە سەیر بکرێت، بەڵکو پێویستە وەک پڕۆژەیەکی گەورە تەماشا بکرێت کە زەمینە بۆ دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆش دەکات و برایەتی تورک-کورد تێدەپەڕێت.  

ئەحمەد تورك، ئەمڕۆ دووشەممە لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا جەختیكردەوە كە نابێت پرۆسەی ئاشتی  تەنها وەک رادەستبونی پەکەکە سەیر بکرێت، بەڵکو پێویستە وەک پڕۆژەیەکی گەورە تەماشا بکرێت کە زەمینە بۆ دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆش دەکات و برایەتی تورک-کورد تێدەپەڕێت.  

دەشڵێت، "توێژێکی نا سیاسیی لە تورکیادا هەن تا ئێستاش نکۆڵی لە بونی کورد دەکەن، ئەوان تێناگەن چی رودەدات، پێویستە پرۆسەکە بۆ ئەم توێژە رونبکەینەوە، دەبێت باس لەوە بکرێت ئەم پرۆسەیە تەنها پەیوەندی بە کوردەوە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە"، هەروەها "پڕۆسەكەی بە باشی بەرەوپێش دەچێت و سەرۆك ئەردۆگان رۆڵی بەرچاوە هەیە لەم ڕوەوە"

ئەحمەد تورک وتی: "فراکسیۆنێکی نەتەوەپەرست هەیە، دەبینین کە نیگەرانن لەوەی پرۆسەکە بەرەو ئاشتی بڕوات، ئەمەش لە رێگەی ئەو کەسانەوە بە روونی دەبینین کە دەیهێننە سەر شاشەی تەلەڤیزیۆنەکان."  ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن کە خۆی بە سۆسیال دیموکرات دەزانێت، رۆڵێکی چالاکتری هەبێت لە دابینکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا.

دووپاتیکردەوە کە کێشەی کورد کێشەیەکی سەد ساڵەیە و وتی: "کێشەیەکی لەم جۆرە تەنها سەرکردەیەک دەتوانێت چارەسەری بکات کە باڵادەستیی بەسەر هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا مسۆگەر کردبێت،" و لەم روانگەیەوە رایگەیاند کە ئەردۆغان لە پێگەیەکی بەهێزدایە. تورک بیریهێنایەوە کە لە رابردوودا دوو خول پەرلەمانتاری جەهەپە بووە و وتی: "راست نییە جەهەپە وەک یەک پاکێج هەڵبسەنگێنرێت. لەناو پارتەکەدا هاوڕێمان هەن کە پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکەن، بەڵام هەندێکیش هەن پێیانوایە لە ئەگەری سەرکەوتنیدا ئێمە بەرەو لایەنێکدا دەڕۆین، ئەمە تێڕوانینێکی هەڵەیە. ئۆزگور ئۆزێل کەسێکە کە دەیەوێت پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت. من هەڵوێستی ئۆزگور ئۆزێل بە بنیاتنەرانە دەزانم."

ئەحمەد تورک، لە درێژەی قسەکانیدا، باسی لەو تێکۆشانە کرد کە لە رابردووەوە تا ئێستا بۆ بەهێزکردنی سیاسەتی دیموکراتیانە ئەنجامیان داوە.

ئەحمەد تورك، بەڕۆژنامەی "سەباح"ی توركی ڕاگەیاندوە، بزوتنەوەی گولەن رۆڵی هەبوە لە شکستی پڕۆسەی ئاشتی پێشودا، بزوتنەوەی گولەن لەو کاتەدا دزەی کردبوە ناو زۆرێک لە ئاستەکانی حکومەتەوە، ئەوەش بە ڕونی لە دادگاییکردنی "کەجەکە"دا دەرکەوت. 

لەبارەی ڕۆژاڤاشەوە دەڵێت، "لەبری ئەوەی وڵاتانی دیکە دەستوەردان بکەن، پێویستە تورک و کورد کۆببنەوە و بڕیاربدەن چی بکرێت،  پێویستە تورکیا لەوێ لەگەڵ کوردەکان قسە بکات و گوێ لە بۆچونەکانیان بگرێت".

ئەمەس لە کاتێکدایە، لە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردو بە دەسپێشخەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە لەناو پەرلەمانی توركیاوە، پڕۆسەیەكی نوێی ئاشتی لەو وڵاتە دەستپێكرد و دوای زنجیرەیەك كۆبونەوە، عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پەكەكە، لە 27ی 2ی ئەمساڵ داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبە و دیموكراتی بۆ توركیای كرد. 

لە وەڵامدا پەكەكە مانگی 5 كۆنگرەی 12ـی ئەنجامدا و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی دا، هەروەها لە ڕۆژی 11ی7، وەک نیازپاکی لەلایەن گروپێکی گەریلاوە کە ژمارەیان 30 کەسبو، چەکەکانیان داناو و دواتریش لە ڕێگەی ئاگرەوە سوتێنران. لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژی 26ی 10پەكەكە كشانەوەی تەواوەتی لە توركیا ڕاگەیاند. لە ئێستاشدا چاوەكان لەسەر هەنگاوەكانی توركیایە بۆ بەرەوپێشچونی پڕۆسەكە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP