دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسروور بارزانی: پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمەران بەشێكە لەو پڕۆژانەی بۆ سنووری سۆران دامان ناوە

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە مەراسیمی کردنەوەی دوو سایدی حاجی ئۆمەران ڕایگەیاند: لە سایەی هەوڵ و ماندووبوونی پێشمەرگەیە کە کوردستانێکی ئازادمان هەیە، بەردەوام دەبین لە پەرەپێدان بە پێشخستنی وڵاتەکەمان. 

 ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە مەراسیمێکی تایبەت دا ڕێگای دووسایدی حاجی ئۆمەرانی کردەوە کە ڕێگایەکی زۆر گرنگ و ستراتیژییە بۆ هاتووچۆی بازرگانی لەو سنوورە. 

ده‌قی وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان

بەڕاستی زۆر خۆشحاڵم كە سەردانی حاجی ئۆمەران دەكەم كە سەردەمێك پایتەختی شۆڕشی ئەیلوول بوو، شوێنەواری بارزانی نەمرە، شوێنی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەیە كە ئێستا ئێمە بەرهەمی دەستیان دەبینین و لە سایەی زەحمەت و ماندووبوونی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە، ئێستا كوردستانێكی ئازادمان هەیە.

جێی دڵخۆشییە ئەمڕۆ لێرەین بۆ كردنەوەی بەشێك لەم رێگەیە كە بە شێوەیەكی سەردەمییانە و ڕێكوپێك دروستكراوە و خراوەتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیان.

بێگومان خەڵكی ئەم دەڤەرە شایانی خزمەتێكی ئێجگار زیاتر لەوەن، ئەوەی لە دەستی حكوومەتیش بێت، بەپێی ئیمكانیات لە خزمەتتان دەبین و پەرە بەو گەشەسەندن و پێشخستنی وڵاتەكەمان دەدەین.

ئێرە شوێنێكی گرنگە، چونكە دەروازەیەكیشە لەگەڵ وڵاتی دراوسێی ئێمە (كۆماری ئیسلامیی ئێران) كە پێویستە ئێمە گرنگیی بەو پەیوەندییانە بدەین و ئاسانكاریش بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان بكەین و لە رووی بازرگانیشەوە بۆ ئێمە گرنگە كە پەرە بە بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بدەین.

هیوادارم ئەم ڕێگەیە و هەموو كارە خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان جارێكی تر بكەونەوە خزمەتی هاووڵاتیان و بژێویی ژیانی خەڵكی كوردستان و سەلامەتی و سەربەرزیی ئێوە، ئەركە بۆ ئێمە و ئاواتی ئێمەیە.

هیوادارم هەر پیرۆز بێت لێتان، كوردستان رۆژ بە رۆژ سەركەوتووتر بێت، گەشەی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت، ئێوە هەر ساخ و سەلامەت بن، وڵاتمان هەر ئاوەدان بێت. زۆر سوپاس.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP