دواین هەواڵ

جیهان‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێران؛ ئامادەین بۆ جەنگێکی دیکە لەگەڵ ئیسرائیل

هەرێم نیوز

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی ئەزموونی لە شەڕی 12 ڕۆژە وەرگرتووە و بۆ هەموو ئەگەرەکان و بەرەنگار بوونەوەی هەر جۆرە هێرشێکی دیکەی ئیسرائیل ئامادەیە.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران،  لە گفتوگۆیەکدا کە ئاژانسی ئیسنا  ڕایگەیاندووە: ئێمە بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەین و هەر جۆرە هێرشێکی دەستدرێژیکارانە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە پێشبینی دەکەین. گوتیشی لە باڵاترین ئاستی ئامادەباشیداین و ئیسرائیل لە هەر شەڕێکی داهاتوودا ڕووبەڕووی شکست دەکەینەوە.

بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەوان لە شەڕی 12 ڕۆژەدا مووشەکەکانی خۆیان لە شەڕێکی ڕاستەقینەدا تاقی کردەوە و ئەزموونێکی باشیان بەدەست هێناوە.

جەختیشی کردەوە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی خۆی لەگەڵ ئەمریکا دانوستانی ناڕاستەوخۆ بکات بەڵام هیچکات دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە مووشەکییەکەی هەڵناگرێت.

ئاماژەی بەوەش داوە"دەتوانین بگەینە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە بەڵام ئەمریکا کۆمەڵێک مەرجی قبوڵنەکراوی داناوە و ئێمە ئامادە نین بە هیچ شێوەیەک لەسەر بەرنامەی مووشەکیی خۆمان دانوستان بکەین لەبەر ئەوەی هیچ مرۆڤێکی ئاقڵ چەککرانی خۆی قبوڵ ناکات. عێراقچی جەختیشی کردەوە ناتوانین پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرین".

بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران هەروا لە ژێر داروپەردووی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی بۆردومان کرابوون ماوەتەوە و نەگوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە. گوتیشی بینا و ئامێرەکانی ئێمە زیانیان پێ گەیشتووە بەڵام تەکنەلۆژیاکەمان لە جێی خۆیەتی.

وتیشی: ئێمە دەربارەی بەرنامە مووشەکییەکانمان دانوستان ناکەین.
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند، ناتوانین دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵبگرین؛ ئەوەی بە جەنگ نەیانتوانی لە دەستمانی دەربهێنن، ناتوانن بە سیاسەت لێمانی بسەننەوە.

ئەم قسانەی عێراقچی دوای ئەوە هات کە وەزیری دەرەوەی عوممان داوای لە هەر یەک لە ئەمریکا و ئێران کرد بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP