دواین هەواڵ

جیهان‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەردۆغان: كۆبونەوەكەم لەگەڵ دەم پارتی ئومێد بەخش بوو

هەرێم نیوز

رەجەب تەیب ئەردۆغان رایدەگەیەنێت، لەگەڵ دەم پارتی کۆبونەوەیەکی بونیادنەر و بەرهەمدار و ئومێدبەخشمان بۆ داهاتوو ئەنجامدا، لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرهەمی ئەم کۆبونەوەیە دەبینین.

ئەردۆغان، لە وتارێکدا لە كاتی کردنەوەی پارکێك لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک، لە وەڵامێکی نا راستەوخۆدا بۆ ئەو دەنگۆیانەی باس لە ناكۆكی دەكەن لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەپەوەپەرستی (مەهەپە) و دروستبونی درز لەناو هاوپەیمانی گەل، رایگەیاند: لەگەڵ نزیکبونەوەمان لە ئامانجەکەمان لە "تورکیایەکی دوور لە تیرۆر"، بارگرانیەكانمان قورستر دەبێت و هەوڵەکان بۆ تێکدانی ئەم پرۆسەیە چڕتر دەبێتەوە، ئەوانەی نایانەوێت تورکیا کێشەكی نیو سەدەی چارەسەر بکات، بەتایبەتی ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی "گولەن" كە هەوڵەكانیان چڕتر كردووەتەوە، كە گەورەترین ئامانجیان تێکدانی یەکڕیزی و تەبایی هاوپەیمانی گەلە، بەڵام سەرکەوتوو نابن و یەک دەبین، پێکەوە دەبین، بەهێز دەبین، خۆڕاگر دەبین، پێکەوە تورکیا دەبین.

ئەردۆغان وتیشی: کۆبونەوەکەی لەگەڵ پارتی یەكسانی و دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی، کە بە "تورکیا دوور لە تیرۆر" ناوی دەبەن، بەرهەمدار بووە، کۆبونەوەکەی بونیادنەر بوو، پڕ بوو لە ئومێد بۆ داهاتوو.

ئاماژەی بەوەشكرد: پشتیوان بەخودا کاریگەری ئەم کۆبونەوەیە لە رۆژانی داهاتوودا دەبینین، وەک هاوپەیمانی گەل، پێموایە جوڵەكردنی خێرا لەو بابەتانەدا کە سودی بۆ وڵاتەکەمان هەیە، زۆر گرنگە، ئێمە بە روانگەیەکی هەمەلایەنە و هەستیار درێژە بە کارەکانمان دەدەین، سەرەتا ئامانجەکەمان بەدیدەهێنین کە تورکیایەکی دوور لە تیرۆرە، پاشان ناوچەیەكی دوور لە تیرۆر.

کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و تێیدا دوا پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و هەنگاوەکانی داهاتوو تاوتوێ کران.

شاندی دەم پارتی، کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان و میتحات سانجار، دوای کۆبوونەوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەدا کە "هەڵسەنگاندنی ورد"یان بۆ قۆناغی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی کردووە و بۆچوون و ڕاسپاردەکانی خۆیان خستووەتەڕوو. هەروەها جەختیان لەوە کردەوە، لەگەڵ ئەردۆغان گەیشتوونەتە "تێگەیشتنی هاوبەش و کۆدەنگی" لەسەر ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ ئەوەی پرۆسەکە "خێراتر و کاریگەرتر" بەڕێوەبچێت.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە هەنگاوێکی مێژووییدا، کشانەوەی هێزەکانی خۆی لە خاکی تورکیا ڕاگەیاندووە. ئەم بڕیارە دوای کۆنگرەی 12ـەمی پەکەکە دێت کە تێیدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری درا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP