هەرێم نیوز
نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا رایگەیاند، لەم مانگەدا ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناغی راگوزەری سووریا، سەردانی واشنتن دەکات.
ئەمڕۆ شەممە 1ی 11ی 2025، تۆم باراک نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئامانج لە سەردانەکە واژۆکردنی رێککەوتننامەی بەئەندامبوونی سووریایە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کە لەلایەن ئەمریکاوە سەرکردایەتیی دەکرێت.
ئەمە دەبێتە یەکەم سەردانی سەرکردەکەی دیمەشق بۆ واشنتن و دووەم سەردانی بۆ ئەمریکا، دوای گەشتە مێژووییەکەی بۆ نیویۆرک و بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوول، کە تێیدا بووە یەکەم سەرۆکی سووریا لە دوای دەیان ساڵ گوتار لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشكێش بکات.
گرووپەکەی شەرع، دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)، کە پێشتر سەر بە رێکخراوی قاعیدە بوو، لە مانگی تەممووزی رابردوو لەلایەن واشنتنەوە لە لیستی تیرۆر دەرکرا.
مانگی ئایار، سەرۆکە کاتییەکە بۆ یەکەمجار لە ریاز لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە، لە سەردانێکی مێژووییدا کە وایکرد ترەمپ بەڵێنی هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا بدات.