دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: غاز و نەوت موڵكی هیچ حزب و كەسێك نییە

هەرێم نیوز 

سەرۆک وەزیرانی هەرێم پرۆژەی گەیاندنی بۆریی گازی سروشتی لە هەولێرەوە بۆ دهۆک کردەوە، کە ئامانجی پڕۆژەکە گەیاندنی گازی سروشتییه‌ بۆ وێستگەی کارەبای هەزار مێگاواتیی کواشێ لە قەزای سێمێل.

مەسرور بارزانی لە وتارێکدا ڕایگەیاند، کوردستان شوێنێکی دەوڵەمەندە، غاز و نەوت و کانزای هەیە، ئەم سامانە سروشتییە موڵکی هەموو خەڵکی کوردستانە و موڵکی هیچ حزب و کەسێک نییە.

ڕاشیگەیاند، دەمانەوێت کوردستان بکەینە شوێنێک بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ هەموو عێراق و دەورووبەریش، ئەم پڕۆژە زیاتر هاوکاریمان دەکات بۆ ژینگەیەکی پاکتر، چونکە گازوایل کاریگەریی هەبوو لەسەر پیسکردنی ژینگە.

باسی لەوەشکرد، خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ خزمه‌تكردنی هەرێمی کوردستان پێشكه‌ش دەکەن، حکومەتی هەرێم وەبەرهێنانی زیاتری لە کەرتی غازدا کردووە لەگەڵ کۆمپانیای دانا غاز و کۆمپانیای کار.

ئاشكراشی كرد، “ئێستا بەرهەمی غاز گەیشتووەتە دوو بەرانبەری جاران، ئەمەش هاوکاری زیاترمان دەکات لە دابینكردنی کارەبای زیاتر”.

گه‌یاندنی بۆریی گاز لە هەولێرەوە بۆ بۆ وێستگهی کواشێ بە درێژایی 198 کیلۆمەترە و بە بڕی 591 ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیای کارەوە جێبەجێ کراوە.

وێستگەی کارەبای گازیی کواشێ، پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی وزەیە لە هەرێمی کوردستان بە توانای به‌رهه‌مێنانی 1000 مێگاوات کارەبا، پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای “ماس گروپ هۆڵدینگ”، بە گرێبەست لەگەڵ حکومەتی هەرێم جێبەجێ دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP