دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

عەلی حسێن: پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین پێشبینیی زیادبوونی کورسی و دەنگی حیزبەکەی دەکات

هەرێم نیوز 

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین پێشبینیی زیادبوونی کورسی و دەنگی حیزبەکەی دەکات لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق و دەشڵێت: سەرەتای هەفتەی داهاتوو، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی دەچنە سلێمانی.

عەلی حسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین بۆ میدیای پارتی ڕایگەیاند، “پەیاممان بۆ خەڵکی سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان ئەوەیە دەرفەت بدەنە ئێمە بۆ ئەوەی لە ئاستی خزمەتکردنی ئەوان بین، حیزب تاقیکراونەتەوە، پێمانوایە پارتی ئەمجارە تاقی بکرێتەوە و دەنگی پارتی زیاتر دەبێ لەو هەڵبژاردنەدا”.

ڕاشیگەیاند، “رێژەی بەشداریی خەڵک حوکم دەکات، بەڵام لەو باوەڕەداین کورسی و دەنگمان زیاتر دەبێ، ئاسان نییە ژمارەی کورسیی پارتی دیاری بکەم لە سنووری سلێمانی.”

دەربارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم وتی، “خەڵكێک هەیە شانازی بەوە دەکات پێکهێنانی حکومەتی دواخستووە، نابێ شانازی بێ حکومەت پێکنەهاتووە، زەرەرمەندی یەکەم خەڵکی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیانن”.

ئاماژەی بەوەشدا، “دەبێ خەڵکی سلێمانی لەگەڵ لایەنی سیاسی جیابکرێنەوە، خەڵکێکی بێلایەن هەن، خەڵک هەیە لە لایەنەکان ڕازی نییە، حیزبەکان لە سلێمانی چەندین جار تاقیکراونەتەوە و سەرکەوتوو نەبوون، با دەنگدەران و خەڵکی سلێمانی ئەمجارە پارتی تاقی بکەنەوە بۆ ئەوەی خزمەتی شارەکە بکات.”

دەربارەی یەك پاكێجی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و عێراق ئاشكرای كرد: “پارتی رەچاوی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، هەوڵدەدەن بیکەنە یەک پاکێج، دوو پاکێجی جیایە، هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی بکرێتە یەک، ئەنجامی هەڵبژاردن حوکم لەسەر ئەوە دەدات.”

لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بۆ سلێمانی، عەلی حسێن ئاشکرای دەکات: “سەرەتای هەفتەی داهاتوو دێنە سلێمانی، خەڵکی سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیان لەو شوێنەی مەبەستمانە بۆ بانگەشە کۆیان دەکەینەوە و بانگەشەیەکی فراوان لەو سنوورە دەکەین.”



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP