هەرێم نیوز
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەفتەیەک پشووی ڕاگەیاند و دەڵێت”پشووەکان لەپێناو کارئاسانی بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی هەڵبژاردنە”.
بە فەرمانێکی وەزاری کە لەلایەن نالان حەمە سەعید ساڵح، وەزیری پەروەردە واژۆ کراوە، بڕیار درا بە ڕاگرتنی دەوامی گشت ناوەندەکانی خوێندن بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە.
فەرمانەکە کە ئەمڕۆ (٢٠٢٥/١٠/٢٢) دەرچووە، ئاماژە بەوە دەکات کە لەپێناو کارئاسانی بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پشووی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنرێت.
وردەکاریی بڕیارەکە بەم شیوەیەیە:
دەوامی گشت ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی، جگە لە ناوەندەکانی حکومی نێودەوڵەتی، لە ڕۆژی پێنجشەممە (٢٠٢٥/١١/٦) دەستپێدەکات و تاوەکوو ڕۆژی چوارشەممە (٢٠٢٥/١١/١٢) بەردەوام دەبێت.
بەپێی نووسراوەکە، ڕۆژی پێنجشەممە (٢٠٢٥/١١/١٣) گشت ناوەندەکانی خوێندن دەست بە دەوام دەکەنەوە.
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، قوتابخانەکانی کە دەکرێنە بنکەی هەڵبژاردن، لە ڕۆژی یەکەم (٢٠٢٥/١١/١٣) وانەی یەکەمیان نابێت بە مەبەستی ئامادەسازیی بۆ دەستپێکردنی وانەی دووەم.
لیژنەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەم مەبەستە ئاگادار کراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا قوتابخانەکان دەبێت وەک خۆیان ڕادەستی کارگێڕیی ناوەندەکان بکرێنەوە.
بەپێی فەرمانەکە، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە وێنەی ئەم فەرمانە ئاگادار کراونەتەوە.