هەرێم نیوز
رۆژنامەی " الشرق الاوسط " لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لە پێشهاتێکی سەرنج راكێشدا كە ئاماژە بەو قەیرانە دەكت هێزەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" شیعەکان تیادا دەژین، کەمتر لە سێ هەفتە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، شەش پەرلەمانتاری شیعە سکاڵایان لەسەر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق تۆمارکردووە.
دوێنێ یەکشەممە، فەرمانگەی داواکاری گشتی عێراق ئەو سکاڵایەی کە شەش پەرلەمانتارەكەی شیعە تۆماریان کردووە رەوانەی دادگای تایبەتمەند بە لێكۆڵینەوە لە دۆسیەکانی دەستپاکی كرد، بە گومانی کۆمەڵێک سەرپێچی یاسایی، بەپێی سکاڵاکە.
ئەو شەش پەرلەمانتارە كە پێكهاتوون لە" یوسف كیلابی، یاسر حسێنی، فالح خەزعەلی، عەلا حەیدەری، هەیسەم فەهد و محەمەد نوری" سەر بە كوتلە جیاوازەکانی شیعەن و هیچ پەرلەمانتارێكی پێكهاتەكانی تری تیادانییە، ئەوەش ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئەم سکاڵایە بەبێ گوێدانە دەرئەنجامەکەی، رەنگدانەوەی دابەشبونێکی روونە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، هاوکات یەکەم سکاڵای شیعەیە لە دژی سەرۆک وەزیرانێكی شیعە.
سکاڵاکە داوای لێکۆڵینەوە لە چەند دۆسیەیەکی نایاسایی دەکات، لەوانە دامەزراندنی هاوپەیمانییەکی هەڵبژاردن لەلایەن سودانی و قۆستنەوەی پۆستەکەی بۆ مەبەستی هەڵبژاردن لەڕێی دەرکردنی نوسراوی سوپاس و پێزانین بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت و پێدانی پارچە زەوی، بەپێچەوانەی بەڵگەنامەی پاكێتی هەڵبژاردن، کە چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق واژۆی لەسەر کردووە.
سکاڵاکاران داوای لێکۆڵینەوەیان لەو دەنگۆیانەش كردووە گوایە سەرۆکی حکومەت لەڕێگەی میدیاوە هەڕەشە لە سەرکردەکانی كوتلە سیاسی و کاندیدەکانی هەڵبژاردن کردووە، هەروەها داوای لێکۆڵینەوەیان لە کاندیدکردنی ناوبراو بە "نەهەنگی گەندەڵ"ی لە لیستی هەڵبژاردنەکانی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان كردووە، کە سودانی سەرۆکایەتی دەکات.
هاوكات داوای لێکۆڵینەوەیان لەوە کردووە ئەوان بە پێشێلکردنی بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی ناویانبردووە، کە فەرمانیكردووە بە هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەدانی پۆستە باڵاکان بە وەكالەت.