دواین هەواڵ

عێراق‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆمسیۆن: ژمارەی كاندیدە دوورخراوەكان لە کێبڕکێی هەڵبژاردن گەیشتووەتە 837 کەس

هەرێم نیوز

بە گوێرەی تازەنرین ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان عێراق، ژمارەی ئەو کاندیدانەی بەهۆکاری جیاجیا لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان دوورخراونەتەوە، گەیشتووەتە 837 کەس، زۆرترین ژمارەیان بەهۆی رێوشوێنەكانی دەستەی لێپرسینەوەو دادپەرەوەی بووەو پێنج كاندیدیش كۆچی دواییان كردووە.

حەسەن سەلمان، ڕاوێژکاری یاسایی کۆمیسیۆن، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: "کۆمیسیۆن بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەوانەش بەدواداچوون بۆ دۆسیەی بانگەشەی هەڵبژاردن بەپێی پەیڕەوی ژمارە 4 بۆ ڕێکخستنی بانگەشەی کاندیدەکان."

ئاماژەی بەوەشکرد، “لە سەرەتای دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، نزیکەی 400 پێشێلکاری بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن کاندید و حزب و هاوپەیمانییەکانەوە کراوە، کە زۆربەیان پەیوەندییان بە دانانی ڕیکلامەوە هەبووە لە شوێنە دیارینەکراوەکان یان بەکارهێنانی شوێنی کارکردنیان"، وتیشی: “ئەو سزایانەی سەپێندراون پێبژاردن بووە کە لە نێوان دوو بۆ 10 ملیۆن دینار دایە، بەڵام لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سەرپێچییەکە سزاکە زیاتر دەبێت تا دەگاتە بێبەشکردنی کاندیدەکە."

ڕاوێژکاری یاسایی کۆمیسیۆن ڕاشیگەیاند، "هەوڵدان بۆ کڕین یان لەناوبردنی کارتی دەنگدەران وایکردووە کۆمیسیۆن بە هاوکاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆماربکات کە پەیوەندییان پێوە هەیە.

بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەرێوەبچێت.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP