هەرێم نیوز
دەزگای ناوەندی ئاماری سەر بەوەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، بەهای هەناردەی کاڵا نانەوتییەکانی عێراق لەساڵی ٢٠٢٤، گەیشتووەتە نزیکەی ٥.٨ ترلیۆن دینار واتا ٤.٥ ملیار دۆلار کە ٨٨٪ـی بۆ وڵاتانی عەرەبی ئاسیایی بووە.
ئەمرۆ شەممە ١٨ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، دەزگای ناوەندی ئاماری سەر بەوەزارەتی پلاندانانی عێراق لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەو کاڵایانەی هەناردەکراون بریتین لەسوتەمەنی، رۆن و مۆمی کانزایی، ڕۆن و پیوی ئاژەڵ و رووەکی، پێستە بۆ پیشەسازیی، ڕەنگ و بۆیاغ، لەگەڵ چەندین کاڵای دیکە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئیمارات پلەی یەکەمی گرتووە لەناو وڵاتانی عەرەبی بۆ هاوردەکردنی کاڵای عێراقی بەبڕی سێ ملیارو ٧٩٣ ملیۆن دۆلار، دوای ئەویش ئوردن بە ٦٥ ملیۆن و ٨٥١ هەزار دۆلارو سعودیە بە ٥٠ ملیۆن و ٣٢٥ هەزار دۆلار.
باس لەوەشکراوە، هیندستان لەدەرەوەی وڵاتانی عەرەبی پلەی یەکەمی گرتووە بەهێنانی کاڵای عێراقی بەبڕی ٥٠٤ ملیۆن و ٨٥ هەزار دۆلار، دوای ئەویش تورکیا و هۆڵەندا دێن، هەروەها زۆربەی هەناردەکردنەکە ٩٤.٤٪ لەڕێگەی دەریاوە بووە.