هەرێم نیوز
بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لەسەر دوو بابەتی گرنگ بەڕێوەبچێت، هاوکات کۆبوونەوەکان بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوام دەبێت و بانگەشەی هەڵبژاردن هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نابێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران نابێت و حکومەت بەردەم دەبێت لە ئەنجامدانی کۆبوونەوە و پڕۆژە و کاری گرنگ بۆ خزمەتی هاووڵاتییان، ڕۆژی چوارشەممە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دوو تەوەری گرنگ کۆدەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەم هەفتەیەدا دوو بڕگە دەبێت، بڕگەی یەکەم: خستنەڕووی دەرئەنجامی پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی پێشوودا ئەنجامدرا لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری لەسەر ڕاسپاردەی دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، و بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەنگاوەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی ساڵی 2025،ئەم بڕگەیە لەلایەن بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکار دەخرێتەڕوو بۆ ئەنجوومەن.
وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەشڵێت، تەوەری دووەم تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی ستراتیژییەتی نیشتمانیی پێنج ساڵە 2025-2029 ( بۆ بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی تاوتوێکردن و پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران. ئەم ستراتیژیەتە بە هەماهەنگی لە نێوان هەردوو وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی گەڵاڵە کراوە.