دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 6 رۆژ پێش ئێستا

ئایا ترەمپ تەسلیمی چین بووە؟

هەرێم نیوز

دوایین شیکاریی دامەزراوەی "ئەمێریکەن ئینتەرپرایز" دەریدەخات کە سەرۆکی ئەمریکا کە سەردەمانێک هەوڵی دەدا بە باج و فشاری ئابووری پەکین کۆنتڕۆڵ بکات، ئێستا وردە وردە گۆڕاوە بۆ بەکارهێنانی سیاسەتی سازش کردن -وەک مۆڵەتدان بە فرۆشتنی چیپی پێشکەوتوو بە چین و دەستبەرداربوون لە سزا نەوتییەکان تا دواخستنی جێبەجێکردنی یاسای تیک تۆک و ساردکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تایوان. شیکارییەک کە لە کۆتاییدا ئەو پرسیارە دەوروژێنێت: ئایا ترەمپ ئەو پیاوەی خۆی بە دوژمنی سەرەکی کۆمۆنیزم ناودەبات، خۆی ڕادەستی چینی شی جینپینگ کردووە؟

هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ چەندین جار تۆمەتبار کراوە بە "دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوە"، بەڵام مێژوویەکی هەیە لە فشارخستنە سەر وڵاتانی وەک ئێران و ڤەنزوێلا. بەڵام له چەند مانگی ڕابردوودا سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام له دژی یەک وڵات پاشەکشەی کردووە؛ چین.

لە سەرەتای بەهارەوە، ترەمپ ئیمتیازاتی بە شی جینپینگ، سکرتێری گشتی پارتی کۆمۆنیستی چینی داوە، لە بەرامبەردا بەنزیکەیی هیچی دەستنەکەوتووە.

خاڵی دەستپێکی ئەم گۆڕانکارییە وازهێنان بوو لە ئامرازە دڵخوازەکەی ترەمپ کە باج بوو. لە سەرەتای خولی دووەمی خۆیدا باجی نوێی بەسەر هاوردەکردنی کاڵای چینیدا سەپاند، بەڵام تا ناوەڕاستی بەهار بەبێ ئەوەی هیچ ئیمتیازێکی بەرجەستە وەربگرێت، زۆربەی ئەو فشارانەی هەڵگرتبوو.

پەکین بە سادەیی باجەکانی خۆی گەڕاندەوە بۆ ئاستی پێشووی.

لە غیابی باجدا، ترەمپ ڕێگەیەکی نەرمتری گرتۆتەبەر، هەوڵی کەمکردنەوەی کورتهێنانی بازرگانی دەدات بە ڕێگەدان بە دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆژیای ئەمریکی، شتێک کە کۆماری گەلی چین ساڵانێکە داوای دەکات.

نموونەیەکی ئەم دواییە مۆڵەتدانە بە هەناردەکردنی چیپی H20 ی Nvidia بۆ چین، کە ئەمە پێشتر قەدەغەکرابوو. هەرچەندە پەکین ئەم مۆدێلەی بە کەم زانی، بەڵام گفتوگۆکان بۆ وەشانێکی پێشکەوتووتری blackwell دەستیپێکردووە و ترەمپ بە شێوەیەکی شەخسی ئاماژەی بەوە کردووە کە پێدەچێت مۆڵەتەکە پەسەند بکات.

بە لەبەرچاوگرتنی بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپ لە مانگی تەمموزدا بۆ ئازادکردنی هەناردەکردنی نەرمەکاڵای دیزاینی چیپ، پێدەچێت بەم زووانە وەشانی بلاکوێڵ بفرۆشرێت بە چین - ئیمتیازێک کە ئامانجێکی سەرەکی پەکین بووە لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا.

هەروەها لە کاتێکدا ئەمریکا باجی لەسەدا ٢٥ی لەسەر هاوردەکردنی نەوت لە هیندستانەوە سەپاندووە، بە ئاماژەدان بە کڕینی نەوتی ڕووسیا لەلایەن نیودەلهییەوە، چین قەبارەیەکی زیاتری نەوتی ڕووسیا بەبێ هیچ باجێک هاوردە دەکات - ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە واشنتۆن سیاسەتێکی نەرمتر و دوولایەنە بەرامبەر بە پەکین دەگرێتەبەر.

هاوکات ئەمریکا سزای بەسەر چیندا سەپاندووە لەسەر هاوردەکردن لە ئێرانەوە، بەڵام جێبەجێی ناکات. وادەرناکەوێت کە سەرۆک کۆمار پابەندی ئەو سزایانە بێت، تەنانەت دەڵێت چین دەتوانێت نەوتی ئێران بکڕێت.

ئیدارەی ترەمپ نەک هەر نەیتوانیوە یاساکانی ئەمریکا سەبارەت بە کڕینی نەوتی چین لە ئێران جێبەجێ بکات، بەڵکو ڕەتیکردووەتەوە یاسای پەیوەندیدار بە تیک تۆک جێبەجێ بکات. کۆنگرێس یاسایەکی دەرکردبوو کە دەبوو سەرۆک بتوانێت بە زۆر وەبەرهێنانی خێرای تیک تۆک بداتە کۆمپانیا ئەمریکییەکان، بەڵام ترەمپ بە شێوەیەکی نایاسایی وادەی خۆی درێژکردووەتەوە و هێزی خۆی بۆ دانوستان بەکارهێناوە.

هەرچەندە کۆشکی سپی باسی لە “ڕێککەوتن” لەگەڵ پەکین کردووە، بەڵام چین تا ئێستا بە فەرمی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەی قبوڵ نەکردووە.

پاشان پرسی تایوانیش هەیە. ترەمپ چەندین جار ڕەخنەی لە دوورگەکە گرتووە و دەڵێت تایوان "بازرگانی چیپەکانمانی دزیوە" و "لە بەرامبەردا هیچمان پێنادات".

لەلایەکی دیکەوە ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کردووە کە شی جینپینگ پێی وتووە کە تا ئەوکاتەی ئەم سەرۆکی ئەمریکایە، تایوان داگیر ناکات.

بەم پێیە سەیر نییە کە ترەمپ لە چەند مانگی ڕابردوودا لەگەڵ چیندا نەرمتر بووە وەک لە تایوان.

هاوینی ئەمساڵ کۆشکی سپی داوای لە لای چینگ تی سەرۆکی تایوان کرد کە خۆی لە وەستان لە نیویۆرک بەدوور بگرێت. لە هەمان کاتدا پنتاگۆن ڕێگری لە وەزیری بەرگری تایوان، ویلنگتۆن کۆ، کرد کە گەشت بکات بۆ واشنتۆن بۆ دانوستانەکانی بەرگری، لەبری ئەوە پێشنیاری کرد کە کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی پلە نزمتر لە ئەلاسکا ئەنجام بدرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP