هەرێم نیوز
سەرۆك كۆماری قۆناغی ڕاگوزەری سووریا ڕایدەگەیەنێت، دابەشكردنی سووریا قبوڵ ناكەین و دەشڵێت: هەوڵمان داوە هەسەدە ڕازی بكەین بێنە ناو سوپای سووریاوە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆك كۆماری قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، كە بۆ بەشداری لە كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك-ی ئەمریكایە لە چاوپێكەوتنێكدا وتی، “بە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سووریا چۆتە قۆناغێكی نوێوە و دەرفەتی نوێ لەنێوان سووریا و ئەمریكا هاتوونەتە پێشەوە، بۆیە داوا دەكەین سزاكانی سەر وڵاتەكەمان هەڵبگیرێن”.
ڕاشیگەیاندووە، بە هێزەكانی سووریای دیموكرات “هەسەدە”مان وتووە، دەبێت چەك تەنها بە دەستی دەوڵەتەوە بێت و هەوڵمان داوە هەسەدە ڕازی بكەین بێنە ناو سوپای سووریاوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، نكۆڵی لە بوونی كورد و درووز و عەلەوی لە سووریا ناكەین و هەوڵمان داوە سەرجەم پێكهاتەكانی ناو سووریا لە دەوڵەتدا جێگە بكەینەوە.
جەختیشی كردەوە، بەهیچ شێوەیەك دابەشكردنی سووریا قبوڵ ناكەیەن، چونكە دابەشبوونی سووریا نەك تەنها كێشە بۆ ناوخۆی وڵات دروست دەكات، بەڵكو كێشە بۆ عێراق و وڵاتانی دیكەی ناوچەكەش دروست دەكات.
شەرع ئاماژەی بەوەشدا، 25%ی خەڵكی ناوچەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا “كە مەبەستی ڕۆژئاوای كوردستانە” كوردن و ئەوانەی دیكە عەرەب و پێكهاتەكانی دیكەن.
سەرۆکی کاتی سووریا ڕاشیگەیاند، بە مەزڵوم عەبدیم ڕاگەیاند مافی کورد لە سووریای نوێ پارێزراو دەبێت.
وتیشی، “خاوی لە جێبەجێکردنی ڕێکكەوتن لەگەڵ هەسەدە هەیە، پێویستە ئەوان ئەو دەرفەتە مێژووییە کە ئێستا تێیدا دەژین بقۆزنەوە بۆ ڕێکكەوتن”.