هەرێم نیوز
کۆمپانیای نەوتی باکوور رایگەیاند، نەوتی هەرێمی کوردستان و بەبێ گەڕاندنەوەی بۆ کەرکووک لە زاخۆ وەردەگرن و هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیای دەکەن.
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، ئەمڕۆ دووشەممە 22ی 9ی 2025 لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نوێنەری کۆمپانیاکەیان بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی تایبەت بە رێککەوتنی نەوتیی نێوان هەولێر، بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکاندا کردووە.
ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتن. لەدوای ئەم رێککەوتنە چاوەڕوان دەکرێت، نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە بکرێتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، نەوتی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ و بەبێ گەڕاندنەوەی بۆ کەرکووک، لە رێگەی بۆرییەوە هەناردە دەکرێت؛ کۆمپانیای نەوتی باکوور لە زاخۆ وێستگەی وەرگرتنی هەیە و لەوێ نەوتەکە وەردەگرێت، پاشان هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیای دەکات.
لەبارەی کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، سەرچاوەکە وتی، تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە، بەڵام دوای پەسندکردنی رێککەوتنەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، کە سبەی سێشەممە بەڕێودەچێت، رەنگە هەناردەکردنەوە دەستپێبکاتەوە.
سەرچاوەکە جەختیشی کردەوە، نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک هەناردەی بەندەری جەیهان ناکرێت، بەڵکو تەنیا نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکان ئەمڕۆ دووشەممە بە رایگەیاند، چەند رۆژێک دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ئاداری ساڵى 2023 ـوە بەهۆی بڕیارێکی دادگەی پاریسەوە، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، کە رۆژانە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل بوو.