هەرێم نیوز
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق" بە درۆن و تۆپ هێرشیان کردووەتە سەر گوندێکی حەلەب، 7 کەسی مەدەنییان کوشتووە، کە منداڵیان لەنێودایە و 4ی دیکەیان بریندار کردووە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی هەسەدە، "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق و لایەنگری تورکیا، ئێوارەی شەممە رەشەکوژییان لە دژی خەڵکی مەدەنی گوندی ئوم تینا لە دەوروبەری ناوچەی دێرحافری رۆژهەڵاتی حەلەب ئەنجامدا."
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، گرووپە چەکدارەکان "بە درۆن دەستیان بە هێرش کرد و دواتر لە کاژێر 7ی ئێوارە دەستیان بە تۆپبارانی چڕ کرد و ماڵی خەڵکیان راستەوخۆ کردنە ئامانج."
هەسەدە ناو و تەمەنی کوژراو و بریندارانی بڵاوکردەوە کە دووانیان منداڵن، تەمەنی یەکێکیان تەنیا ساڵێک و یەکێکی دیکەش چوار ساڵانە.