هەرێم نیوز
وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ناردنی موچە بە هەناردەكردنەوەی نەوت و داهاتی ناوخۆوە بەستراوەتەوە، كۆمپانیا نەوتیەكان و بەغدا نزیك لە ڕێككەوتن. بۆ داهاتی ناوخۆش چاوەڕوانی وەڵامی ئەنجومەنی دەوڵەتن. دەشڵیت، "سەرجەم داواكانی بەغدامان جێبەجێكردوە و هیچ شتێك لەسەر ئێمە نەماوە".
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەغدا بابەتی موچەی بە هەناردەكردنەوەی نەوت و داهاتی ناوخۆوە بەستوەتەوە. لە ئێستادا بابەتەی نەوت نزیكە لە چارەسەر و بەغدا و كۆمپانیاكان نزیكن لە ڕێككەوتن.
ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ بابەتی داهاتی ناوخۆ، عێراق یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتی داوەتە دەست ئەنجومەنی دەوڵەت و پێویستە ئەوان لە زوترین كاتدا وەڵامی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بدەنەوە و بەگوێرەی دەستور ئەو كێشەیە یەكلایی بكەنەوە.
پێشەوا هەورامانی باسی لەوەشكرد، ئێمە وەك حكومەتی هەرێم هەردو داواكە بەغدامان جێبەجێكردوە و هیچ شتێك لەسەر ئێمە نەماوە. بۆیە ناردنی موچە پێویستی بەو دواخستن و كێشەو لەمپەرانە نیە. ئەو دو كێشەی كە هەبون نزیكە لە چارەسەر و پێویستە بەغدا موچەی مانگەكانی پێشو و ئەوانی دواتریش بنێرێت.