هەرێم نیوز
بەگوێرەی ڕاپۆرتی پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی، ڕۆژی چوارشەممە بە پشت بەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە، ئیسرائیل پلانێکی بۆ ڕێککەوتنێکی نوێی ئەمنی پێشکەش بە سووریا کردووە؛ کە تەواوی باشووری ڕۆژئاوای دیمەشق تا سنووری ئیسرائیل وەک ناوچەی دژەفڕین بۆ فڕۆکەکانی سووریا دیاری بکات. لە بەرامبەر ئەم سنووردارکردنانە لە لایەنی سوریاوە، ئیسرائیل پێشنیاری کشانەوەی وردە وردەی کردووە لە هەموو ئەو خاکانەی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە سوریا داگیری کردووە، جگە لە یەک بنکە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بنەمای ناوەندی پێشنیارەکەی ئیسرائیل ئەوەیە، کە ڕێڕەوێکی ئاسمانی لە سوریاوە بۆ ئێران هەبێت، بۆئەوەی لە هێرشی داهاتووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سوودی لێببینێت.
تا ساڵی ڕابردوو حکومەتی بەشار ئەسەد هاوپەیمانی سەرەکیی ناوچەیی ئێران بوو، بەڵام ئێستا تاران بە کردەوە هیچ کاریگەرییەکی بەسەر حکومەتی نوێی سوریادا نییە.
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا بە ئاسمانی سوریادا فڕیون بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. لەو کاتەدا بەرپرسێکی سوری ڕەتیدەکردەوە کە ئەحمەد شەرع ڕێگەی بە ئیسرائیل دابێت کە ئاسمانی سوریا بەکاربهێنێت بۆ شوێنپێهەڵگرتنی مووشەکەکانی ئێران، بەڵام دیمەشق کاردانەوەی نەبوو بەرامبەر بەو فڕۆکە جەنگییە ئیسرائیلییانەی کە بەسەر ئاسمانەکانیدا دەسوڕانەوە لە ماوەی شەڕی 12 ڕۆژەدا. لەو کاتەدا ڕۆژنامەی مەعاریڤی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە کە شارەزایان ئەم بێدەنگییەیان بە دەرئەنجامی بڕیارێکی ستراتیجی ئەحمەد شەرع دەزانی.
ئێستا پێشبینی دەکرێت ئەگەر ڕێککەوتنێک لە نێوان ناتانیاهۆ و شەرعدا بکرێت، ئیسرائیل دەستێکی زۆر فراوانتر لە پێشووتری دەبێت بۆ ئەگەری هێرشەکانی داهاتوو بۆ سەر ئێران و نەک هەر ناچار نەبێت خەمی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی بە ئاسمانی سوریادا هەبێت، بەڵکو دیمەشقیش لەو هێرشانەدا بەشدار بێت.
بۆ دەیان ساڵ، سوریا بە پەیمانێکی ستراتیژیی سەربازی و بەرگری لەگەڵ حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاوبەشی تاران و نەیارێکی سەرسەختی ئیسرائیل بوو، بەڵام ئێستا وا دیارە هاوکێشەکە بۆ ڕژێمی ئێران پێچەوانە بووەتەوە.
ئیسرائیل پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا ئاڵۆز بووە، تەنانەت لە مانگی تەمموزدا دیمەشقی بۆردومان کرد. ئیدارەی ترەمپ شێوازێکی زۆر دۆستانەتری گرتەبەر لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری کاتیی سوریا و لەو کاتەوە ڕۆڵی ناوبژیوانی نێوان ئیسرائیل و سوریای گرتە ئەستۆ.
بەگوێرەی پێگەی ئەکسیۆس، سوریا هێشتا وەڵامی ئەو پێشنیارەی ئیسرائیلی نەداوەتەوە کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر پێشکەشی کردبوو و لە چەند هەفتەی ڕابردووشدا کار لەسەر پێشنیاری بەرامبەری کردووە.
ڕۆن دێرمر وەزیری کاروباری ستراتیجی ئیسرائیل و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا بەنیازن ڕۆژی چوارشەممە لە لەندەن لەگەڵ تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا کە نێوەندگیری لە نێوان ئەو وڵاتانەدا دەکات، ئەو پێشنیازە تاوتوێ بکەن.
ئەمە سێیەمین کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەم جۆرە دەبێت. سەرچاوە ئاگادارەکان لە دانوستانەکان دەڵێن پێدەچێت نیشانەکانی پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا هەبێت، بەڵام پێدەچێت کاتێکی زیاتر پێویست بێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
بڕیارە ئەو ڕێککەوتنە ئەمنییەی کە لەژێر دانوستاندایە جێگەی ڕێککەوتنێکی ساڵی ١٩٧٤ی نێوان هەردوو وڵات بگرێتەوە، کە بە شێوەیەکی کاریگەر دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، لەلایەن ئیسرائیلەوە، پووچەڵکرایەوە.
پێشنیارەکەی ئیسرائیل لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ئاشتی ئیسرائیل لەگەڵ میسر لە ساڵی ١٩٧٩ دامەزراوە، بەپێی دوو سەرچاوەی ئاگادار لە وردەکارییەکان. ئەو ڕێککەوتنە نیمچە دوورگەی سینای بەسەر سێ زۆندا دابەشکرد و ڕێکخستنی ئەمنی جیاوازی بە پشتبەستن بە دوورییان لە سنووری ئیسرائیل دیاری کرد.
ڕێککەوتنە نوێیەکە پێویست دەکات سوریا ڕەزامەندی لەسەر ناوچەیەکی فراوانی بێچەک و ناوچەی قەدەغەکردنی فڕین لەسەر خاکی وڵاتەکەی ڕازی بێت، بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان لەو بابەتە هیچ گۆڕانکارییەک لە دیوی ئیسڕائیلدا ناگۆڕێت. بەگوێرەی ئەو پێشنیازە باشووری ڕۆژئاوای دیمەشق بەسەر سێ ناوچەدا دابەشدەکرێت و سورییەکان دەتوانن ئاستی هێز و جۆری چەکی جیاواز بەپێی ناوچەکە بپارێزن.
لە پێشنیازەکەدا داوا دەکرێت ناوچەی پاراستن بە دوو کیلۆمەتر لە دیوی سوریا فراوان بکرێت و لە شریتی تەنیشت ناوچەی پارێزراو و نزیکترین لە سنووری ئیسرائیل لە دیوی سوریاوە ڕێگە بە هێزی سەربازی و چەکی قورس نادرێت، بەڵام ڕێگە بە سوریا دەدرێت هێزی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ بپارێزێت.
هاوکات بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەوانە ڕۆیتەرز بڵاویانکردەوە، هەرچەندە سوریا دانوستانەکانی لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی خێراتر دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی و هیوادارە ئەو پەیماننامەیە ببێتە هۆی گەڕانەوەی ئەو خاکانەی کە بەم دواییە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستی بەسەردا گیراون، بەڵام ڕێککەوتنەکە نابێتە هۆی پەیماننامەیەکی هەمەلایەنەی ئاشتی.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، گفتوگۆکان باسیان لە دۆخی بەرزاییەکانی جۆلان نەکردووە، کە ئیسرائیل لە شەڕی ١٩٦٧دا دەستی بەسەردا گرت. سەرچاوەیەکی سوری کە ئاگادارە لە هەڵوێستی دیمەشق ڕایگەیاندووە، ئەو پرسە "دەخرێتە داهاتووەوە". گیدۆن سار وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پێشتر جەختی لەوە کردبووەوە کە هەر "ئاساییکردنەوەیەک لەگەڵ دیمەشق بە مەرجی پاراستنی بەرزاییەکانی جۆلان دەبێت".