هەرێم نیوز
گۆڤاری تایم لەبارەی دەرئەنجامەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران نووسیویەتی، حکومەتی ئێران لە پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی زۆر لاوازتردایە بە بەراورد بە پێش هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەری حەماس، چوونە ناو ململانێیەکی سەربازیی چڕ و پڕ لەداهاتوودا ڕەنگە "توانای کۆنتڕۆڵکردنی ئەم حکومەتە بخاتە مەترسییەوە".
تایم ڕۆژی یەکشەممە نووسیویەتی: “تا ئێستا ڕژێمی ئێران بە جێگیری ماوەتەوە، کەمیی ئاو و وزە بووەتە هۆی ئەوەی کە چەند گردبوونەوەیەک ئەنجام بدرێت، بەڵام سەرکوتکردنی ئەمنی دوای شەڕ بووەتە هۆی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکانی “ژن، ژیان، ئازادی” کە لە ساڵی ٢٠٢٢ وڵاتی هەژاند”.
بڵاوکراوەکە دەستپێکردنەوەی شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیلی "بەدوور" زانیوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە پێدەچێت ئێران هێشتا یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی و توانای بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئەتۆمی خۆی بپارێزێت، بەڵام هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تارانیان چەند ساڵێک لە گەیشتن بە توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی دوور خستووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئیسرائیل هێرشی ڕاستەوخۆی بۆ سەر ئێران کردۆتە پرۆسەیەکی "ئاسایی" و نیشانی داوە کە توانای ئەوەی هەیە زیانێکی زۆر بە ئێران بگەیەنێت.
ئیسرائیل دەتوانێت ئۆپەراسیۆنی سنووردار ئەنجام بدات ئەگەر تاران لەناکاو پێشکەوتن لە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا بەدەستبهێنێت. هەروەها ئیسرائیل دەتوانێت بنکەی مووشەکی و سیستەمی بەرگری ئاسمانی زیاتر بکاتە ئامانج بۆ ئەوەی بەرگرییەکانی ئێران لە ئاستێکی نزمدا بمێنێتەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، قسە و باسەکان لە بارەی چارەنووسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، بڕیاری ترۆیکای ئەوروپی بۆ چالاککردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران بۆ ئەم بابەتە، چڕتر بووەتەوە.
حکومەتی ئێران تەنها تا (29ی ئۆکتۆبەر) کاتی هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕۆژئاوا و ڕێگری لە گەڕانەوەی سزاکان.
ئێران توانای شەڕی نییە
تایم لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران “ناتوانێ شەڕ بکات”.
دەشڵێت: ئەگەر ئیسرائیل جارێکی تر هێرش بکاتەوە، ئێران وەڵامی دەداتەوە، بەڵام وەڵامدانەوەکە بە وردی دادەڕێژرێت بۆ ئەوەی ڕێگربێت لە پەرەسەندنی مەترسیدارانەی گرژییەکان، کە ئێران کەمتر توانای مامەڵەکردنی لەگەڵدا هەیە.
بەپێی تایم، کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ لە پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی زۆر لاوازتردایە لەچاو پێش ٧ی ئۆکتۆبەر، بەو پێیەی بەشێکی زۆری تۆڕی هاوپەیمانانی تاران لە ناوچەکەدا هەڵوەشاوەتەوە، لە حەماس لە غەززە و حیزبوڵڵا لە لوبنان تا بەشار ئەسەد لە سوریا.
حیزبوڵڵای لوبنان کە گرنگترین گرووپی بە وەکالەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە ناوچەکەدا، دوای وێرانبوونی ژێرخانی سەربازیی وڵاتەکەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل و کوژرانی سەرکردە و فەرماندە باڵاکانی لەوانە حەسەن نەسروڵڵا و هاشم سەفیەدین، بە توندی لاواز بووە.
یوسف ڕەجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان ڕۆژی 8ی ئەیلول ڕایگەیاند، سوپای ئەو وڵاتە بەنیازە لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا بەتەواوەتی حیزبوڵڵا لەنزیک سنوورەکان لەگەڵ ئیسرائیل چەک داماڵن.
سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گشتگیر دەبن
تایم لە درێژەی بە ڕاپۆرتەکەی دا ئاماژە بە چالاککردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات: "تەنانەت ئەگەر ئێران بتوانێت خۆی لە شەڕێکی دیکە بەدوور بگرێت، فشارەکان بۆ سەر ئابوورییەکەی، و لەسەر ڕژێمەکە، خەریکە زیاتر دەبن. سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر گشتگیرتر دەبن، ئەگەری زۆرە داهاتی نەوتی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکاتەوە و ئابووریی ئێران زیاتر گرژ بکات."
تایم دەڵێت: ئێران لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ەوە زۆر گەردەلولی تێپەڕاندووە و ڕەنگە بەرگەی چەند قەیرانێکی دیکە بگرێت، بەڵام دوای شەڕی ئەم دواییە تاران هەوڵی داوە تەنیا مانەوە وەک سەرکەوتنێک نیشان بدات، بەڵام کێشەکان تەنیا لە زیادبووندان.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، بەرپرسانی ئێران پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە جێبەجێکردنی چالاککردنی سزاکان زیاتر "لایەنێکی دەروونی"ی هەیە.
لە کاتێکدا بارودۆخی ئابووریی ئێران لە چەند هەفتەی ڕابردوودا خراپتر بووە و تەنانەت وەزارەتی ئیتلاعات لە نامەیەکی نهێنیدا هۆشداری بە وەزارەت و کۆمپانیا گەورەکانی کە دەرئەنجامەکانی کاراکردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێتە هۆی وەستانی فرۆشتنی نەوتی ئێران، و قەیرانی گەورەی ئابووری و ئەمنی، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و توندتربوونی ناڕەزایی کۆمەڵایەتی.