دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆک کۆماری ئێران: پێویستە وڵاتانی ئیسلامی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن

هەرێم نیوز

پێش کۆبونەوەی لوتکەیەکی نائاسایی لە قەتەر بۆ تاوتوێکردنی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی هەفتەی ڕابردووی ئیسرائیل کە بەرپرسانی حەماسی لە دەوحە کردە ئامانج،  سەرۆکی ئێران، داوای لە وڵاتانی ئیسلامی کرد پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن.

ئەمڕۆ دووشەممە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران  پێش دەسپێكردنی گەشتەكەی بۆ پایتەختی قەتەر ڕایگەیاند، "وڵاتانی ئیسلامی دەتوانن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو قەوارە ساختەیە بپچڕێنن و تا بتوانن یەکڕیزی و یەکگرتویی خۆیان بپارێزن".

سەرۆک کۆماری ئێران هیوای خواست لووتکەکە "بگاتە ئەنجامێک" سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی دژ بە ئیسرائیل.

ئاماژەی بەوەشدا، "ئیسرائیل هێرشیکردوەتە سەر ژمارەیەک وڵاتی ئیسلامی لە ناوچەکەدا، بە پاڵپشتی ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی ڕۆژئاوا چیی بوێت دەیکات"، هۆشداریشی دا کە بەردەوامبونی ئەو پاڵپشتییە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، قەتەر میوانداری لووتکەی عەرەبی و ئیسلامی بکات، کۆبوونەوەی لووتکەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلە کە شوێنی نیشتەجێبوونی چەند سەرکردەیەکی حەماسی لەقەتەر کردە ئامانج ، هەروەها وڵاتانی بەشدار لە کۆبوونەوەکە کاری تیرۆری ڕەتدەکەنەوە کە ئیسرائیل پراکتیزەی دەکات.

لە کۆبوونەوەی لووتکەی دەوحە مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەشداری دەکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP