هەرێم نیوز
میری قەتەر، ئەمڕۆ دوشەممە لە لوتكەی عەرەبی-ئیسلامی لە دەوحە رایگەیاند، ئیسرائیل كار بۆ دابەشكردنی سوریا دەكات بەڵام پلانەكەی تێناپەڕێت.
شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، ئەمڕۆ دوشەممە، لە وتەیەكدا لە لوتكەی نائاسایی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە دەوحە، رایگەیاند، خەونی ئیسرائیل ئەوەیە ناوچەی عەرەبی بكات بە ناوچەی هەژمونی خۆی، ئەمەش وەهمێكی مەترسیدارە.
وتیشی، دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆسەر دەوحە ترسنۆكانەو پێشێلكردنی مەترسیداری سەروەریمان بو، دەوحە توشی دەستدرێژییەكی ناپاكانە بوە.
ئاماژەی بەوەشدا، تەلئەبیب لەكاتی نێوەندگیری و ئاگربەستدا، لایەنی دانوستانكار تیرۆر دەكات و دەستدرێژی دەكاتەسەر وڵاتی نێوەندگیر.
ئەوەشی خستەڕو، كاتێك هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە رویدا، حەماس تاوتوێی پێشنیارێكی ئەمریكای دەكرد بۆ ئاگربەست لە غەززە.
وتیشی، ئەگەر ئیسرائیل دەیەوێت سەركردە سیاسییەكانی بزوتنەوەی حەماس بكوژێت، كەوایە بۆچی دانوستانیان لەگەڵ دەكات.
ئەوەشی وت، هەوڵدەدەین هەنگاو بنێین بۆ سنورداركردنی دەستدرێژییەكەی ئیسرائیل، سورین لەسەر روبەڕوبونەوەی دەستدرێژییەكەو گرتنەبەری هەموو شتێك كە یاسای نێودەوڵەتی رێگەی پێبدات بۆ بەرگریكردن لە خۆمان.
بەقسەی میری قەتەر ئیسرائیل دەیەوێت غەززە بكاتە شوێنێك بە كەڵكی ژیان نەیەت ئەوەش وەك زەمینەخۆشكردنێك بۆ راگواستنی خەڵكەكەی.
ئاماژهی بهوهشكردووە، ئیسرائیل كار بۆ دابەشكردنی سوریا و تێكدانی ئاسایشی لوبنان دەكات، بەڵام پلانەكانی تێناپەڕن.