هەرێم نیوز
بزووتنەوەی ئیسلامی (حەماس) ڕایدەگەیەنێت، خەلیل حەییا، ڕێبەری بزووتنەوەکە لە کەرتی غەززە زیندووەو لەڕێوشوێنێکى ئەمنى توندا نوێژی پرسەی بۆ کوڕەکەی و حەمام و شەهیدانی دیکە لە دۆحە ئەنجامداوە.
ئێوارەى ئەمڕۆ هەینى لە بەیاننامەیەکدا حەماس ڕایگەیاند: "دکتۆر خەلیل ئەلحەیە، بەرپرسی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، نوێژی مردووی لەسەر کوڕە شەهیدەکەی هومام و شەهیدانی هەوڵی تیرۆری خیانەتکارانە لە دەوحە ئەنجامدا، ئەمەش دوا بەدوای ڕێکخستنی ئەمنیی تایبەت."
شاندی دانوستانکاری حەماس لە هەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاریان بوو، بەڵام کوڕەکەی ئەلحەیە بە ناوی هومام و و جیهاد لەبەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەلحەیە و سێ پاسەوان کە بریتین لە عەبدوڵڵا عەبدولواحید و موئمین حەسوونە و ئەحمەد مەملووک کوژران.
وەزارەتی ناوخۆی قەتەر ئەمڕۆ چوارشەممە کوژرانی جیهاد ڕیاح حەسەن لاباد، بەڕێوەبەری نووسینگەی خەلیل ئەلحەیای پشتڕاستکردەوە، ئەمەش دوای ئەوەى رۆژی سێشەممە 09-09-2025 ئیسرائیل هێرشێکی گەورەی ئاسمانیی کردە سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر. ئیسرائیل گوتی، لەو هێرشە چەند سەرکردەیەکی حەماسی کردووەتە ئامانج، لەوانەش خەلیل حەییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و یەکێکە لە سەرکردە هەرە باڵاکانی بزووتنەوەکە. حەماس رایگەیاند، بەرپرسە فەلەستینییەکان کە بۆ دانوستاندنی ئاگربەست چووبوونە ئەوێ، رزگاریان بووە.
لەوکاتەوەی جەنگی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکردووە، ئیسرائیل چەندین بەرپرسی حەماسی کوشتووە، بەڵام بزووتنەوەکە هێشتا ژمارەیەک سەرکردەی ماون، کە ئامانجی ئیسرائیلن.
هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر سەکردەکانی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بێپێشینە و چاوەڕواننەکراو بوو، ئەوەش دەرخەری گۆڕانکاریی گەورەیە لە سیاسەتی نوێی ئیسرائیل بەرامبەر وڵاتانی ناوچەکە.
ئیسرائیل چیتر بە زمانی دیپلۆماسی و مۆدێلی رۆژئاوایی سیاسەت لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناکات، بەڵکو زمانی هێز و مۆدێلی رۆژهەڵاتی بەکاردەهێنێت، چونکە بەو شێوەیە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیسرائیل تێدەگەن، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی شیکاریی پێگەی جیروسلام پۆستى ئیسرائیلى.