هەرێم نیوز
بەرامبەر بە بەزاندنی ئاسمانی پۆڵەندا لە لایەن درۆنەکانی ڕوسیا، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری بە ڤلادیمێر پووتین دەدات و ڕایدەگەیەنێت خەریکە ئارامی بەرامبەری لەدەست دەدات، وا بڕوات سزای زۆر تووند دەسەپێنێت.
ئەمڕۆ هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تۆڕی فۆكسنیوز ڕایگەیاند، كە خەریكە ئارامیی بەرامبەر بە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی ڕوسیا نامێنێت.
ئاماژەی بەوەش داوە، كە لەسەر جەنگی ڕووسیا ئەگەر هەیە سزای توند بەسەر ڕووسیادا بسەپێننن، بەڵام بە پێویستیشی زانی، كە كیێڤ سازش بكات.
لە وەڵامی پرسیارێكدا، كە ئایا ڕەتكردنەوەی ڕوسیا بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێكان، تاقیكردنەوەی ئارامیی ئەوە، دۆناڵد ترەمپ، وتی: "خەریکە نامێنێت، زۆر بە خێراییش نامێنێت."
سەرۆكی ئەمریكا جەختی لەوەش کردەوە، کە پێویستە هەردوو لا (ڕوسیا و ئۆكڕانیا) بەشدار بن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت.
هەر لە بارەی ڕوسیا و ئۆكڕانیادا، دۆناڵد ترەمپ بە سەرسووڕمانەوە، وتیشی: "شتێکی سەرسووڕهێنەرە، کاتێک پوتین ویستی بگاتە ڕێککەوتن، زێلێنسکی نەیویست، ئەوجارە زێلێنسکی ویستی، پوتین نەیویست."
سەرۆكی ئەمریكا ڕوونیشی كردەوە، كە ئێستا زێلێنسكی دەیەوێت بگاتە ڕێككەوتن، بەڵام دەڵێت: "ئەمە لە کاتێکدایە كە نیشانەیەکی پرسیار لەسەر پوتین هەیە، بۆیە ناچار دەبین ڕێوشوێنی زۆر تووند بگرینە بەر."
سەرەڕای کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕوسیا لە ئالاسکا و بە ئەرێنی ناوبردنی کۆبوونەوەکە لە لایەن هەردوو سەرۆکەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێک بە ئاراستەی کۆتایهێنان بە جەنگی ڕوسیا و ئۆکراینا بەدی ناکرێت.