دواین هەواڵ

عێراق‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

یاسای حەشدی شەعبی بۆ حکومەتی داهاتووی عێراق جێهێڵرا

هەرێم نیوز

ئەندامێکی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمڕۆ دووشەممە ئاشکرای کرد کە ڕێککەوتنێک لە نێوان چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراقدا ئەنجامداروە  بۆ دواخستنی پەسەندکردنی یاسای حەشدو کشاندنەوەی پرۆژە یاساکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران. 

ئودەی خەدران، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕاگەیاندوە، "لە دوایین کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق ڕێککەوتنێک کراوە بۆ دواخستنی پەسەندکردنی یاسای حەشدو کشانەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران.

دەشڵیت: ئەو ڕێکەوتنە  بەمەبەستی پاراستنی سەقامگیری ناوخۆ و ڕێگریکردن بوە  لەوەی وڵات ببێتە بەشێک لە هەر پەرەسەندنێک لە ناوچەکەدا.

خەدران ئاماژەی بەوەشکرد، "دواخستنی پەسەندکردنی یاسای حەشد، واتە دواخستنی بۆ خولی داهاتوی پەرلەمانی عێراق و  حکومەتی داهاتووی عێراق، بەو پێیەی ئەوان بەرپرسیار دەبن لە پەسەندکردنی ئەم یاسایە.

دەشڵیت دواخستنی یاساکە لەم کاتەدا بە مانای هەڵوەشاندنەوەی نیە و  ئەوە ڕووی نەداوە و ڕوونادات، بەبێ گوێدانە فشار و خواستەکان، چ ناوخۆیی بێت یان دەرەکی"

ئەمەش لەکاتێکدایە، یاسای حەشد زۆرترین مشتومڕی نێوخۆی عێراقی بەدوای خۆیدا هێناوەو چاودێرە سیاسیەکانی عێراق دواخستنی بۆ خولی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی دەگەڕێننەوە بۆ  فشارەکانی ئەمریکا کە  هۆکارێک بوبێت بۆ دواخستنی، چونکە واشنتۆن ئەم یاسایە بە پێدانی شەرعیەت بەو هێزە چەکدارانە دەزانێت کە وەک "گرووپی تیرۆریستی" پۆلێنی کردوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP