هەرێم نیوز
سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ سەبارەت بە بابەتە تەکنیکی و یاساییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێم کۆبووەتەوە، دەشڵێت، جەختی لە خێراترکردنی ڕێرەوی دانوستان بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتن کردووەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 31ی 8ی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کرد".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە کۆبوونەوەکەدا، شاندەکە دوایین ئەنجامی گفتوگۆکانیان سەبارەت بە بابەتە تەکنیکی و یاساییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ خستەڕوو و ئاماژەیان بەوە دا کە داتا و زانیاری تەواویان پێشکەش کردووە و ڕوونکردنەوەی پێویستیان لەبارەی هەموو کێشە و بابەتەکان داوە" .
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، مەسرور بارزانی دەڵێت،" جەختمان لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆکان و خێراترکردنی ڕێرەوی دانوستان بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتن و دابینکردنی مافە دەستووریی و یاساییەکان و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە".