دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دەسبەجێ ئاگربەست لە غەززە دەکات

هەرێم نیوز 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان ئه‌مڕۆ پێنجشەممە داوای ئاگربەستی دەستبەجێی کرد لە کەرتی غەززە، دوای ئەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هەنگاوی کردەیی بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری غەززە دەستیپێکردوە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە وتارێکدا کە لە ژاپۆن لە کۆنفرانسی پەرەپێدانی ئەفریقا پێشکەشی کرد، وتی، "زۆر گرنگە ئاگربەستێکی دەستبەجێ لە غەززە بەدیبهێنرێت بۆ ئەوەی لە مردن و وێرانکاری دور بکەوێتەوە کە لە ئەنجامی هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییەوە دروست دەبێت کە شارەکە بکاتە ئامانج".

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان هەروەها داوای لە ئیسرائیل کرد کە بڕیارەکەی بۆ فراوانکردنی دروستکردنی شارۆچکەیەکی نیشتەجێبون کە بە "نایاسایی" وەسفی کردوە لە کەناری ڕۆژئاوا ڕابگرێت.

ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری پلانی "كۆنتڕۆڵكردنی غەززەی" پەسەندکردوە، نزیکەی 60 هەزار فەرمان بۆ سەربازە یەدەگه‌كان نێردراوە.

پێشتر کەناڵی 12ی ئیسرائیل باسی لەوەكردبو، سوپای ئیسرائیل خێرایی ئامادەکارییەکانی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە لە غەززە چڕ دەکاتەوە، کە پێشبینی دەکرێت لە هەفتەکانی داهاتودا دەستپێبکات، پێش وادەی چاوەڕوانکراو.

بەگوێرەی کەناڵی 12، ئامادەکارییەکان لایەنی ئۆپەراسیۆنییەکان و هەنگاوەکانی پەیوەست بە هەوڵە مرۆییەکان دەگرێتەوە، پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتودا دەیان هەزار فەرمانی باری نائاسایی هەشتەم بۆ سەربازانی یەدەگ بنێردرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP