هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی سوریا لەگەڵ شاندێکی ئیسرائیل کۆبووەوە تاوتوێی کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە سەقامگیری ناوچەکە و باشووری سوریایان کرد.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا 'سانا' بڵاوی کردەوە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا لە پاریس لەگەڵ شاندێکی ئیسرائیل کۆبووەتەوە و تاتوێی کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە ساقامگیری سوریایان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێک گفتوگۆیان لەسەر کراوە کە پەیوەندیداربوون بە بەهێزکردنی ئارامی لە ناوچەکە و باشووری سوریا.
هاوکات میدیای ئەمریکی و ئیسرائیلییش بڵاویانکردەوە، ڕۆن دیرمر، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل سەرۆکایەتیی شاندی ئیسرائیلی کردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، لە کۆبوونەوەکەشدا کە تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا ئامادەی بووە، باس لە دانانی ڕێکاری ئەمنی و ڕێکخستنەوەی ئاسایش لەسەر سنوور کراوە.
ئیدارەی ئەمریکا دەیەوێت نێوەندگیریی لەنێوان ئیسرائیل و سوریا بکات بەمەبەستی گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی لەنێوان ئیسرائیل و پارێزگای سوەیدای زۆرینەی دروز لە باشووری سوریا.
ئەم کۆبوونەوەیە بووە یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی نێوان ئیسرائیل و سوریا کە بۆ میدیاکان بڵاوبکرێتەوە، بەڵام 31ی تەممووزی ئەمساڵیش لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان شاندی هەردوو وڵات بەسەرۆکایەتیی وەزیری دەرەوەی سووریا و وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل کۆبوونەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لە بەردەوامی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کرایەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژی و پەرەسەندنەکان، بەتایبەتیش دوای ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزەکانی حکومەت و دروزەکان لە پارێزگای سوەیدای باشووری سووریا.