هەرێم نیوز
ئیلۆن ماسک، بەشێوەیەکی کاتی پاشەکشەی لە پلانەکانی بۆ دامەزراندنی پارتێکی سیاسی نوێ کردووە بە ناوی "پارتی ئەمەریکا". ئەم بیرۆکەیە لە سەرەتای مانگی تەمموزدا وەک بەدیلێک بۆ سیستەمی دوو حزبی لە ئەمەریکا خرایەڕوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ، ڕۆژنامەی واڵ ستریت جورناڵ ئاشکرای کرد، ئیلۆن ماسک بە هاوبەشەکانی ڕاگەیاندووە بەنیازە چالاکییەکانی خۆی لەسەر پێشخستنی کۆمپانیاکانی چڕ بکاتەوە و نایەوێ بە دامەزراندنی پارتێکی نوێ، کۆمارییە خاوەن دەسەڵاتەکان لە خۆی دوور بکاتەوە.
ماسک بە تایبەتی ئاماژەی جەی دی ڤەنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کردووە و پێی وایە دامەزراندنی پارتێکی نوێ، زیانی بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڤەنس دەبێت.
پێشتر جێگری سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ئیلۆن ماسک کردبوو بگەڕێتەوە ناو پارتی کۆمارییەکان.
بیرۆکەی دامەزراندنی پارتێکی نوێ لەلایەن ماسکەوە، لەناو هەندێک لە بازنە کۆمارییەکاندا بە کارێکی "نائاقڵانە" و "ناجددی" وەسف کرا. بۆیە پاشەکشەکردنەکەی وەک سەرکەوتنێک بۆ ئەو لایەنانە تەماشا دەکرێت، چونکە دروستبوونی پارتێکی نوێ دەیتوانی دەنگی کۆمارییەکان پەرتەوازە بکات و لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا زیانیان پێ بگەیەنێت.
مەسک هۆشداریشی داوە لەوەی کە کۆمپانیای تێسلا لە ماوەی وەرزی دارایی داهاتودا ڕوبەڕوی کاتێکی سەخت دەبێتەوە، دوای کۆتایی هاتنی پشتیوانی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان.
ئیلۆن ماسک کە دەوڵەمەندترین ملیاردێری ئەمریکییە، لە پاش ناکۆکی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە کەمکردنەوەی باج و خەرجییەکانی حکوومەت، لە مانگی تەمووزدا دامەزراندنی "پارتی ئەمریکا"ی راگەیاند.