هەرێم نیوز
نەخۆشی چەوری جگەر یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکان جگەر لە جیهاندا و زۆرجار پەیوەندی بە قەڵەوی و شەکرەی جۆری دووەمەوە هەیە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی چارەسەرە سروشتییەکان، سرکەی سێو وەک بژاردەیەکی بەناوبانگ دەرکەوتووە کە یارمەتی کەمکردنەوەی چەوری جگەر دەدات، بەڵام ئایا ئەمە تا چەند ڕاستە؟، پسپۆران لەمبارەیەوە چی دەڵێن؟.
بەپێی ڕۆژنامەی " The Times of India" توێژینەوەیەک لەسەر ئاژەڵان ئەنجامدراوە، ئاماژە بەوە کراوە کە سرکەی سێو کاتێک بە ڕێژەیەکی مامناوەند بەکاردێت ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی چەوری جگەر و باشترکردنی تەندروستی جەستە بەڵام ئەگەر بە رێژەیەکی زۆر بەکاربهێندرێت ئەوا کاریگەری نەرێنی دروست دەکات.
سەرەڕای ئەم ئەنجامانە، لێکۆڵینەوەکان هێشتا نەیانتوانیوە ڕاستەوخۆ کاریگەری سرکەی سێو لە چارەسەرکردنی جگەری چەوردا بسەلمێنن، شارەزایانی بواری خۆراک دووپاتی دەکەنەوە کە ڕەنگە سرکەی سێو یارمەتیدەر بێت بۆ ڕێکخستنی ڕێژەی شەکر و چەوری خوێن، بەڵام چارەسەر نییە بۆ نەخۆشی چەوری جگەر.
هەروەها هۆشداری دەدەن لە بەکارهێنانی زۆر، چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی کاریگەری لاوەکی وەکو خورانی گەدە و ڕیخۆڵە.
پسپۆران باس لەوە دەکەن کە بۆ ئەوەی زیانت پێ نەگات باشترە سرکەی سێو لەگەڵ ئاودا تێکەڵ بکرێت و بخورێتەوە، لە ڕۆژێکدا لە دوو کەوچکی چێشت زیاتر نەبێت، باشترە دوای ژەمەکان بخورێتەوە، ئەوانەی دەرمانی درێژخایەن دەخۆن ئامۆژگاری دەکرێن پێش بەکارهێنانی ڕاوێژ بە پزیشک بکەن.