هەرێم نیوز
قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ دەڵێت، کێشەی پرۆژەی ڕێگای گوندی باوەفەتی چارەسەر کرا.
قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دوو شەممە ٢١/ ٧/ ٢٠٢٥ لە دیوانی قائیمقامیەت (ڕەمک ڕەمەزان) قائیمقامی چەمچەماڵ بە ئامادەبوونی (مەمەد ڕەشید)بەڕێوەبەری ناحیەی تەکیەی کاکەمەند و ( هەڵگورد محمد)بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی چەمچەماڵ، لەگەڵ ئەنجومەن و دانیشتوانی گوندی باوەفەتی سەروو کۆبووەوە.
باسی لەوەشکرد، کۆبوونەوەکە بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم پرۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگای گوندەکە بوو کە تا ئێستا ٥.٥ کیلۆمەتری جێبەجێ کراوە و کێشە لەسەر ئاراستەی ڕێگاکە هەبوو لە سنوری گوندەکەدا.
ئەوەشی خستەڕوو، قائیمقامی چەمچەماڵ کۆمپانیای جێبەجێکار و تیمەکانی ڕێگاوبانی ڕاسپارد دەستبەکاربکەنەوە و دوای گفتوگۆکردن گوندنشیان بەڵێنیاندا هاوکاربن و کارئاسانی بکەن بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە، بۆیە بەزوترین کات دەستبەکاردەکرێتەوە.