هەرێم نیوز
ئاژانس هەواڵیی ئەمریکی ئەکسیۆس، بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری هێرشی سەربازی ئامادە دەکات، ئەمەش ئەگەر ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستپێبکاتەوە، و بەرپرسانی ئیسرائیلیش پێیان وایە کە ڕەنگە دۆناڵد ترەمپ گڵۆپی سەوز بۆ هێرشە نوێیەکانی ئیسرائیل هەڵبکات.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران گرینگیی سەرەکی گفتوگۆی ئێوارەخوانی نێوان ترەمپ و نەتانیاهۆ شەوی دووشەممە لە کۆشکی سپی دەبێت.
ئەکسیۆس لە زاری کاربەدەستانی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندووە، بنیامین ناتانیاهۆ هەوڵدەدات لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بە لێکتێگەیشتنێک بگات سەبارەت بە شێوازی دانوستانە ئەتۆمییەکانی داهاتووی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و سیناریۆکان بۆ ڕەوایەتیدان بە هێرشە سەربازییە نوێیەکان.
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان بە ئەکسیۆس-یان ڕاگەیاندووە، یەکێک لە سیناریۆکان کە دەتوانێت پاساو بۆ هێرشە سەربازییە نوێیەکان بهێنێتەوە، هەوڵی ئێرانە بۆ لابردنی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو لە دامەزراوە زیانلێکەوتووەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان، و سیناریۆیەکی دیکەش دەستپێکردنی بوژاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەبێت، بەتایبەتی دامەزراوەکانی پیتاندن.
ئاژانسەکە دەشڵێت: دۆناڵد ترەمپ لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە دووجار جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر ئێران دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بکاتەوە، ئەوا ئەمریکا جارێکی دیکە هێرش دەکاتە سەر ئێران.
ئەمڕۆ دووشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، گەشتی ئەمریکای کرد، ئەمەش بۆ سێیەم جارە لە دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی.
هەروەک پێشتر ترەمپ و ناتانیاهۆ ڕایانگەیاندبوو، پێدەچێت سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئەمریکا "ئاهەنگی سەرکەوتن بەسەر ئێراندا" لەخۆ بگرێت.
ئەندامێکی کابینەی ئەمنی ئیسرائیل ڕایگەیاند، پێشبینی دەکات دیدارەکەی ترەمپ لەگەڵ نەتانیاهۆ لە ئاگربەستی غەززە تێپەڕێت و ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ لوبنان، سوریا و سعودیە لەخۆبگرێت.
ناتانیاهۆ و ترەمپ بە پێچەوانەی سەفەرەکانی پێشووی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئەمریکا، بۆنەیەکی گشتی و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە کۆشکی سپی ساز ناکەن.
کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەکردووە، لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس تاوتوێ دەکرێت.