هەرێم نیوز
سێ دیپلۆماتکار بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران چەندین جار لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەیان کردووە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ئامانجی گفتوگۆکان دۆزینەوەی ڕێگەیەکی دیپلۆماسی بووە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، عێراقچی بە ئەمریکییەکانی ڕاگەیاندووە کە ئێران ئامادە نییە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان تا ئەو کاتەی هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام بێت.
لە میانی ئەو بانگەوازانەدا، پێشنیاری ئەمریکا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە دەرەوەی ئێرانیش بۆ ماوەیەکی کورت وروژێندرا، کە تاران تا ئێستا ڕەتیکردۆتەوە.
هەروەها دیپلۆماتکارێکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیک لە تاران بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە: “عێراقچی بە ویتکۆفی ڕاگەیاندووە، ئەگەر واشنتۆن فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، ڕەنگە تاران نەرمی لە پرسی ئەتۆمیدا نیشان بدات”.