هەرێم نیوز
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئەڵمانی لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ڕایگەیاندووە، وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا پلانیان هەیە ڕۆژی هەینی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکانیان لە جنێڤ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران کۆببنەوە.
بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، وەزیرەکانی ئەوروپا سەرەتا لەگەڵ کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە نوێنەرایەتی هەمیشەیی ئەڵمانیا لە جنێڤ کۆدەبنەوە و دواتر دیدارێکی هاوبەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجام دەدەن.
ئەم دەستپێشخەرییە ئەوروپییە لە کاتێکدایە کە ترسی ئەوە هەیە کە گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو قەیرانێکی کۆنترۆڵنەکراو پەرەبستێنن، دوای هێرشە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی مووشەکیی تاران.
ئێران چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەمەبەستی دروستکردنی چەکی ئەتۆم نییە.
بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا ئاژانسی وزەی ئەتۆمی جیهانی بەردەوام هۆشداری ئەوەی داوە کە ئێران ڕێژەی پیتاندنی زۆر بەرزکردووەتەوە و ئەمەش ترسی ئەوەی لێدکەوێتەوە کە چەکی ئەتۆم دروست بکات.
دۆناڵد ترەمپ ئەگەرچی هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە بەڵام بەپێی میدیا ئەمریکییەکان لە لێواری بەشداریکردنە لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل بەمەبەستی لێدان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
ترەمپ چەندین جار جەختی کردووەتەوە ڕێگە نادات لە هیچ ئاستێکدا ئێران یۆرانیۆم بپیتێنێت.