هەرێم نیوز
دوو هاوڵاتی کە پێشتر دانیشتووی کەلار بوون و ماوەی چەند ساڵێک بوو لە ئەوروپا دەژیان، دوێنێ یەکشەممە لە جەنگەڵی دانکیخ لە وڵاتی فەرەنسا کە بە دووری 235 کێلۆمەتر دەکەوێتە باکووری پاریس، کوژران.
ئەو دوو گەنجەی کوژراون ناویان 'کارزان عەبدوڵڵا و محەممەد نەجمە'، دەوترێت کەسێکی دیکەش بریندار بووە کە ئەویش کوردە.
رەنج پشدەری، چالاکوانی کۆچبەران لە ئەوروپا لەو بارەیەوە لە فەیسبووک نووسیویەتی: "کارزان لەگەڵ کەسێکی خەڵکی چەمچەماڵ بووە بە دەمەقاڵێیان گەنجەکە بەدەستی کارزان بریندار دەبێت، دواتر محەممەد نەجم ویستوویەتی کارزان هێوربکاتەوە و چەکەکەی لێوەربگرێت، لەوکاتەدا گولـلەیەک بە هەڵە دەرچووە و کارزانی کوشتووە".
بە وتەی ئەو چالاکوانە کە بەدواداچوونی بۆ رووداوەکە کردووە: "محەممەد کاتێک زانیویەتی بەهۆی ئەوەوە کارزان بە هەڵە کوژراوە، لە هەمان شوێندا بە چەکەکە کۆتایی بە ژیانی خۆیشی هێناوە".
ئەو کەسانەی لە جەنگەڵی دانکیخ لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیا دەمێننەوە، زۆرینەیان لەگەڵ فرۆشتنی هەندێک خۆراک یان پێداویستی رۆژانە، کاری قاچاخچێتی دەکەن بۆ گەیاندنی خەڵک لە رێگەی بەلەمەوە بە بەریتانیا.