دواین هەواڵ

جیهان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل: شەوێکی قورسمان بەڕێکرد

هەرێم نیوز

باڵیۆزى ئەمریکا لە ئیسرائیل ئاشکرایکردووە، بەهۆى هێرشەکانى ئێرانەوە بۆسەر ئیسرائیل شەوێکى قورسیان تێپەڕاندوە و دەڵێت، “پێنج جار ناچار بوم بچمە پەناگەوە”.

مایک هاکابی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، بەهۆی شەش زنجیرە هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، شەوی ڕابردوو 13ی6ی2025 زۆر سەخت بووە بۆیان و چاوەڕێ ناکرێت، ئەمڕۆ شەممەش، 14ی6ی2025، ئارامتر ببێت.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا باسی لەوە کردووە، شەوی ڕابردوو ناچار بووە بەهۆی مووشەکەکانی ئێران، پێنج جار بچێتە نێو پەناگەکاندا. وتیشی: داوام لە گەلی ئیسرائیل کردووە، لە نێو پەناگەکاندا بمێننەوە.

لەلایەکی دیکەوە کەناڵی 'سی ئێن ئێن'ـی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردەوە، لە کاتی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری، لە بارەگایەکی سەربازیی ژێرزەویدا بوون و هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی دوای هێرشەکان کردووە.

لە دوێنێوە هێرشەکانى ئیسرائیل و ئێران بۆسەر یەکتر دەستیان پێکردووە، بەپێی ئامارەکان بەهۆى هێرشە موشەکییەکانى ئێران بۆسەر ئیسرائیل سێ کەس کوژراون و نزیکەى 90 کەسیش بریندار بوون، هێرشەکانى ئیسرائیلیش بۆسەر ئێران 300 بریندار و دەیان کوژراوى لێکەوتوەتەوە.

ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا بنکە ئەتۆمییەکانی، نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهانی کردە ئامانج و بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، زیان بەو بنکە ئەتۆمییانە گەیشتووە. بە پێی میدیای  ئێرانی، لە هێرشەکاندا شەش زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون. 
هەر بەپێی میدیای ئێران، لەو هێرشە ئاسمانییەدا، ئیسرائیل ژمارەیەک لە باڵاترین فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی کوشتووە، لەنێویاندا محەممەد باقری، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکان و حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران. هەروەها فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانیش لەنێو کوژراوەکاندایە.

 باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا 78 کەس کوژراون و 320ی دیکە بریندار بوون.

چەند کاتژمێر دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، سوپای پاسداران لە ڕێگەی شەش زنجیرە هێرشی مووشەکی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 3"، دەیان شوێنی لە ئیسرائیل کردە ئامانج، لەنێویاندا شاری تەلئەڤیڤ.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP