هەرێم نیوز
بەرپرسانی ئێران: هێرشەكانمان فراوانتر دەكەین" بنكەكانی سوپای ئەمریكاش لەناوچەكە دەگرێتەوە"
بەرپرسانی باڵای ئێران دەڵێن: هێرشی وڵاتەكەیان بۆ سەر ئیسرائیل لە چەند رۆژی داهاتوودا فراوانتر دەبێت. ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی نیمچە فەرمی ئێران، لە زاری بەرپرسانەوە بڵاویکردەوە: وەڵامدانەوەی شەوی رابردوو بۆ ئیسرائیل سنوردار بووەو لە داهاتوودا هێرشەکانیان فراوانتر دەكەن و بنکەکانی ئەمریکاش لە ناوچەکە دەگرێتەوە.
هاوکات، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە "ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئیسرائیل تا پێویست بێت بەردەوام دەبێت".
بەرەبەیانى ئەمڕۆ شەممە هێرشێکی مووشەکیی راستەوخۆی ئێران ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی لە نێوەڕاستی ئیسرائیل کردە ئامانج، کە بووە هۆی کوژرانی دوو کوژراو و برینداربوونی نزیکەی دیکە.
گوتەبێژی دەزگەی فریاکەوتنی نیشتمانیی ئیسرائیل (ماگن دەیڤید ئادۆم) رایگەیاند، تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و رایانگەیاندووە کە سێ لە بریندارەکان رەوشی تەندروستییان ناجێگیرە. تاوەکو ئێستا شوێنی وردی هێرشەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئەمە سێیەم حاڵەتی کوژرانی هاووڵاتیی سڤیلە لە ئیسرائیل لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا.
لەلایەکی دیکە، میدیای ئیسرائیل دەڵێت، لە هێرشەکانی 24 کاژێری رابردوو، سێ کەس کوژراون و 80 کەسیش بریندارن.
هاوکات دەزگاڕاگەیاندنەکانى ئێران بڵاویانکردەوە ئۆتۆمبێلەکانی مۆساد کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان هەڵگرتبوو لە ناوخۆی ئێران دەستیان بەسەردا گیراوە.
لەلایەکی دیکەوە، لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات کە ئاگادارکەرەوەی هێرشی ئاسمانی لە چەند ناوچەیەک لە سەرتاسەری وڵاتدا دەنگی داوەتەوە، دوای دۆزینەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێرانەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، سوپای ئیسرائیل ڕێگری لە ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە کە بەرەو ئیسرائیل هەڵدرابوون.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل سوێندی خوارد کە "رێژیمی ئێران باجێکی قورس دەدات بۆ هەڵدانی مووشەک بۆ سەر ئێمە".
بەگوێرەی ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕۆژی شەممە لە ئەرکێکی "سیخوڕی" فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕژێمی زایۆنی لە باکووری ڕۆژاوای ئەو وڵاتە خستووەتە خوارەوە.